پارتی: ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و دەست بە ئاماددەکاری دەکەین

  2024-06-26  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای راگەیاندنی رۆژی هەڵبژاردن لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "دوای ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان".

پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، "لە ساڵی ٢٠٢٢ پارتیمان زۆرهەوڵی دا کە پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ڕێکارەکانی پێویست بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروستکران، کە ئەو ئاستەنگانە بە زیانی پرۆسەی سیاسی و یاسایی بۆ هەرێمی کوردستان شکانەوە و رەنگدانەوەی خراپیان بەرامبەر دەسەڵات و مافەکانی هەرێمی کوردستان بەدوای خۆدا هێنا. لە دوای ئەوەش هەوڵماندا ئەو پێشنیارانەی هەبوون، بۆ پەرلەمانی هەڵبژێردراو جێبێڵین بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی یاسایی کە ئەمەش ڕێگری لێکرا".
 
 ئاماژە بەوەشدراوە، 'بۆیە لە ١٨/٣/٢٠٢٤ پارتیمان ھەڵوێستی خۆی بۆ جەماوەری تێکۆشەری کوردستان ڕاگەیاند لەگەڵ دیاریکردن و ئاماژەدان بەو کەموکوڕی و نا دادپەروەریانەی کە ھەبوون چ لە مافی پێکھاتەکان ھەتا کێشەی پەنجەمۆر و ھەوڵی بێبەشکردنی سەدان ھەزار کەس لە دەنگدان. ئەمانە و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندار بە رێکارەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەوە، کە دوای ئەم ھەڵوێستەی پارتیمان بەشێک لەو تێبینی و کەموکوڕیانە چارەسەرکران و بەشێکیشیان لە چارەسەرکردن دان، ھەرچەندە ھەموو چارەسەریەکان لەسەدا سەد نەبوون بەڵام بەشێک لە مافەکان بۆ پێکھاتەکانی کوردستان گەڕایەوە و، بابەتەکانی دیکەش بەشێکی باشیان چارەسەرکراون، بۆیە دوای ڕاگەیاندنی وادەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن بەرێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان. ھیوادارین ھەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دابێت".
 


ڕیکلام