پێویستە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێم رابگیرێن

  13   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کورستان هۆشداری دەدات و دەڵێت،" پێویستە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێم رابگیرێن".

مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  ئاماژەی بەوەداوە: لەکاتێکدا کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێناوی کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغداو هەرێم، هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەکانی خۆی چڕ کردۆتەوەو کار بۆ نەهێشتنی گرژی و ناکۆکی لە نێوان هەرێم و بەغدادا دەکات، زیاتر لە هەفتەیەکە چەندین هێرشی درۆنی یەک لەدوای یەک دەکرێتە سەر هەرێم و کێڵگە نەوتییەکانی لە ناوچەو پارێزگا جیاجیاکانیدا. 

لە راگەیەندراوەکەدا مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی دەڵێت:  ئەو هێرشانە سەرچاوەکەیان لە هەر کوێوە بێت و هەر لایەنێک لێی بەرپرس بێت، پێشێلکردنێکی ئاشکرای بنەماکانی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و سەقامگیرییە لە وڵاتدا، کە پێویستە پێش هەر لایەک حکومەتی عیراق خۆی سنورێکی بۆ دابنێت و رایبگرێت، بەو پێیەی دەسەڵاتی راپەڕاندن و رەسمیی دەوڵەتە و بەرپرسیارە لە پاراستنی ‌خاک و خەڵکی عیراق و هەرێم و بنەماو سەرچاوە ئابوورییەکانی، بەتایبەتی کە دەشێت ئەو پێشێلکارییانە ببنە مایەی دروستبوونی گومان لە پەیوەندیی هێزە عیراقییەکانداو نیگەرانیش لە دۆخی ئەمنیی وڵات.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هێمایی بۆ ئەوە کردوە:  ئێمە لەکاتێکدا وەک (ی.ن.ک) ئیدانەی ئەو هێرش ‌و پەلامارانە بۆ هەرێم و دانیشتوانەکەی دەکەین، داواکارین کە حکومەت و پەرلەمانی عیراق رۆڵی خۆیان لە دوورخستنەوەی وڵات لە هەر ناسەقامگیرییەکی ئەمنی و ناکۆکییەکی نوێی سیاسی بگێڕن، کە ببێتە مایەی ساردکردنەوەی هێڵی گەرمی گفتوگۆ نیشتمانییەکانمان، کە ئامانج لێیان چارەسەرکردنی قەیرانەکان و چاندنی متمانەو برایەتیی زیاتر و پێکەوە ژیانی نێوان عیراقییەکانە.


ڕیکلام