ئەم یاداشتنامەیە بە ئامانجی پەرەپێدانی هاوکارییە تەندروستییەکان و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی زانست، ئەزموون و شارەزایییە پزیشکییەکان لە نێوان هەردوو لایەن واژۆ کراوە و دەکرێت ببێتە بناغەیەک بۆ دروستکردنی بەرنامە و پرۆژەی هاوبەشی زیاتر لە بواری تەندروستی.
ئەم هاوکارییە بە پاڵپشتی لۆجستیکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا و بە هاوکاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، و بە هەوڵ و ماندووبوون و توانای پیشەیی د. نەشمیل بەکر ئیبراهیم، لەگەڵ بەشداری و ڕۆڵی بەڕێز خوان باستیدا و هاوکاریی د. پێدرۆ ڤالێرۆ، دامەزرێنەر و سەرۆکی گروپی نەخۆشخانەکانی Oncoavance، و تیمی کارگێڕی و پزیشکیی ئەو گروپە، بەدەست هاتووە.
ئەم پڕۆژەیە کە زیاتر لە شەش مانگ کاری بەردەوامی لەسەر کراوە، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان و نزیککردنەوەی تواناکان و ئەزموونە پزیشکییەکانی هەردوو لایەن هەژمار دەکرێت.
لە چوارچێوەی ئەم یاداشتنامەیەدا، پلانێکی هاوبەش دانراوە بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا تیمێکی پزیشکی و پسپۆڕی پێکهاتوو لە نزیکەی ١٠ پزیشک و پسپۆڕ لە گروپی نەخۆشخانەکانی Oncoavance سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
بەپێی ئەم پلانە، تیمی پزیشکیی ئیسپانی بۆ ماوەی یەک هەفتە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمە پزیشکییە ناوخۆییەکان هاوکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون دەکەن. ئەم چاڵاکییە بە شێوەی خۆبەخش و بێبەرامبەر ئەنجام دەدرێت و ئامانجی سەرەکیی بریتییە لە بەشداریکردن لە پەرەپێدانی توانای کادرە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم هاوکارییە، کردنەوەی دەرگای نەخۆشخانەکانی Oncoavance بۆ نەخۆشانی هەرێمی کوردستانە، بە تایبەتی بۆ ئەو حاڵەتانەی کە پێویستیان بە پشکنین، ڕاوێژی پسپۆڕانە یان خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێشکەوتووەکان هەیە.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هاوکارییە تەندروستییەکان کردووەتەوە و هەوڵ دەدات بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ دامەزراوە و نەخۆشخانە پێشکەوتووەکانی ئیسپانیا، ڕێگا بۆ گواستنەوەی شارەزایی، ئەزموون و تەکنەلۆژیای پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات.
ئەم یاداشتنامەیە تەنها چوارچێوەیەکی هاوکاریی دامەزراوەیی نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە هاوکارییە تەندروستییەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا.