سۆرانی  |  بادینی  |  English      

وەزارەتی پەروەردە: ناوەندەکانی خوێندن بە داخراوی دەمێننەوە

  2021-04-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ئێستادا تەواوی ناوەندەکانی خوێندن بە داخراوی دەمێننەوە.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دواین راگەیەندراوی خۆیدا بڵاویکردەوە، "تا وەکو ئەنجامدانی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی - ناحکومی)، بە داخراوەیی دەمێننەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا، تەنها تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدرێن و بە پێی خشتەی راگەیەندراو بەردەوام دەبن بە رێککارەکانی خۆپارێزیییەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە ٧ی٢ی٢٠٢١، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشنیازی وەزارەتی تەندروستی و بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی هاتووچۆی ئوتۆمبێل و پیادە لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان  لە کاتژمێر ٨ی شەو تا ٦ی بەیانی، بڕیارەکەش لەمڕۆە چووە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو ١٢ی٤ی٢٠٢١ بەردەام دەبێت.

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

تا وەکو ئەنجامدانی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەواوی ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە  ( حکومی - ناحکومی ) بە داخراوەیی دەمێننەوە. تەنها تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدرێن، بە گوێرەی خشتەی راگەیەندراو  بەردەوام دەبن بە رێککارەکانی خۆپارێزیییەوە .

راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە

     ٨ ی ٤ ی ٢٠٢١