ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکرا کە 65 هەزار پاوەن و بڕێک زێڕ و پارەی لە ئافرەتێک دزیبوو

  2021-04-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی سلێمانی ئەو تۆمەتبارەی دەستگیرکرد کە لەژێر هەڕەشەی چەکدا 65 هەزار پاوەن و بڕێک زێڕ و پارەی لە ئافرەتێکی بەتەمەن دزیبوو.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی دوێنی ٢٠٢١/٤/٧، لەیەکێک لەگەڕەکەکانی شاری سلێمانی تۆمەتبارێک هەڵیکوتابووە سەر ماڵێک کە تەنها ژنێکی بەتەمەن لەماڵەکەدا بووە و لەژێر هەڕەشەی چەکدا بڕی ٦٥ هەزار پاوەند و 35 ملیۆن دیناری عێراقی و 13 هەزار دۆلار و بڕێک ئاڵتونی دزیبوو، لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجامدەری تاوانەکە دەستپێکرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرئەنجام ئەمڕۆ ٢٠٢١/٤/٨، مەفرەزەکانی پۆلیس توانیویانە تۆمەتبارەکە بەناوی (ئ، ک، م لەدایکبووی ١٩٩٥) بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارکەدا، دەستگیراوە بەسەر ئەو پارە و ئاڵتونانەدا کە دزیبووی، هەروەها دەستیشگیراوە بەسەر ئەو چەکەی کە تۆمەتبار بەکاریهێناوە لەکاتی تاوانەکەدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاندووە، تۆمەتبار لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لەئێستاشدا بەبڕیاری دادوەر و پەپێی ماددەی 433  لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.



ڕیکلام