وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ئاشکرایکرد، گەورەترین گرێبەستی چەکی لەگەڵ حکومەتی یۆنان ئیمزا کردووە.
ڕۆژنامەی جیروسەلیم پۆستی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەریەکە لە ئیسرائیل و یۆنان گەورەترین گرێبەستی چەکیان ئیمزا کردووە.
بە گوێرەی گرێبەستەکەش کۆمپانیای Elbit Systems ئیسرائیلی بنکەیەکی ڕاهێنان و کارپێکردنی فرۆکەوانی بۆ هێزی ئاسمانی یۆنان دەکاتەوە و گرێبەستەکەش ماوەی ٢٢ ساڵ درێژەی دەبێت.
بودجەی تەرخانکراو بۆ گرێبەستەکە بڕی یەک ملیار و ٦٥ ملیۆن دۆلارە.
دەربارەی گرێبەستەکە بینی گانتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەم ڕێککەوتنی هاریکارییە پشت دەبەستێت بە تایبەتمەندی پیشەسازی بەرگری ئیسرائیل و پەیوەندیی پتەوی نێوان دامەزراوەی بەرگری یۆنان و ئیسرائیل.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنەکە جگە لە بواری سەربازیی دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی توانای ئابوری ئیسرائیل و یۆنان، بەو هۆیەشەوە هاوبەشییەکە دەبێتە مایەی قوڵکردنەوی پەیوەندییەکان لە بواری بەرگری و ئابوری و سیاسەتدا.