شیعریەت، وەک هونەری ئیمونیتێت

  2021-04-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆلومنێک لە پرۆژەی نووسینێک دەربارەی شیعریەت.

بەکر عەلی

هەموو چالاکییە ڕۆحی و ئاینی وئەدەبی وفیکریی و سیاسییەکانیشمان، سیاسەت وەک هونەرێک، هیچ نین جگە لە تێکۆشانی ڕۆحییانەمان  بۆ دەرچوون لە گیرۆدەبوونمان بەو شتەی پێیدەڵێین ژیان.

نووسینەکانمان، کارەهونەرییەکانمان، موزیکەکانمان، تەنانەت خەباتی جێندەریمان داهێنراوی فیکرییانەن بۆ ڕزگاربوون لەبارێکی نائاسایی، وەگەڕخستنی وزەنێوەکییەکانی مرۆڤن تا ببنە پاڵنەر وپاڵهێزێک بۆ پاراستنی ژیانمان لەناو ژیاندا. بۆیە شیعریەت بریتییە لەو کردەوەیەی ئێمە وەکو زیندەوەرێکی بیۆلۆگی دەکاتە مرۆڤێکی ژیاری و ڕۆحی، ئێمە وەکو مرۆڤێکی لێقەوماو دنە دەدات بۆ لەناونەچوون لەو لێقەومانەدا، ئێمە وەک بوونەوەری فانی ومردەکی، دەخاتە کەڵکەڵەی نەمردن. زۆرێک لە بیرمەندان و شاعیران، لەوانەی پاڵەوانیان ئەفراندووە ولەوانەی مێژوویان سازداوە، هەموو مێژوو، وە هەموو ژیان وەکو ململانێ وشەڕ دەبینن بۆ مانەوە بەزیندوویی.

 لێرەدا ململانێ دەبێتە خەباتی مرۆڤ بۆ ژیان، بۆ تێپەڕاندنی دۆخی سستبوون، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مردن، واتە ژیان بریتییە لە هەوڵدانی نەمردن. ئەمەش شیعریەتی ژیانە، هونەری ژیانکردنە لەسەر ئاستێکی باڵادا. کرۆکی گرفتە هەمیشەییەکەی مرۆڤ، لەوەتەی <<فڕێدراوەتە>> نێو جیهانەوە، بریتییە لەوەی هونەرێک بدۆزێتەوە بۆ <<خۆهەڵگرتنەوە>>. لەم ڕووەشەوە مرۆڤ تەکنیکی جۆراوجۆری داهێناوە، هەندێک پێیانوایە فەلسەفە دەتوانێت هونەری ژیانکردنمان بۆ بڕەخسێنێت، وەک سوکرات ودیۆگینس، هەندێک پێیانوایە سیاسەت، وەک پلاتۆن و ئەرستۆ، و هەندێکیش پێیوایە ئاین، وەک پەیامبەرەکان و هاوەڵەکانیان، هەندێکیش پێیانوایە وەرزشە ڕۆحی وجەستەییەکان، وەک ئاتلێت وئاسکێتەکان(وەرزشوانەکان وجاویدەکان). گەر قووڵ بڕوانینە ناوەوەی ئەو چالاکییانە، دەبینین ئەمانە هەموویان دوای نامۆبوونی مرۆڤ بەخۆیی وبە جیهان ئەم چالاکییانە دەست پێدەکەن، بەڵام لەگەڵ چوونەناوەوەی هەریەکێک لەو بوارانە، ئیتر مرۆڤ جۆرێک لە ئولفەت و لە هۆگربوون بە جیهانیژیانەوە دروست دەکات کە لێوەی دەتوانێت بەرەنگاری هەڕەشەکانی پێ بکاتەوە. پۆیزی بریتییە لەم هونەری بەرەنگارییە، شیعرییەت بریتییە لەم ئیمونیتێتە.

با ئێمە هەر شیعرێک، هەر کارێکی ئەدەبی یان هونەری یان فەلسەفی وبگرە زانستیش  تەماش بکەین، ئایا چی لێ دەرەنجام دەکەین؟ کاتێک  گەلگامیش،  زەردەشت،هۆمیرۆس، سوکرات، دیۆگینس، پلاتۆن، پەیمانی کۆن، پەیمانی نوێ، قورئان،   سورەوەردی و مەولانای نەقشبەندی و مەحوی و تەواوی سۆفییەکان، تاو، بودا، کریشنا، شۆپنهاوەر، مارکس، نیتچە، فۆکۆ، سلۆتەردایک دەخوێنینەوە بەشێوەیەکی خۆڕسکانە توانست و تەکنیکەکانی خۆچاکردنمان تێدا دەبزوێنن.

هەموو ئەو سیستەمانە لەڕووی ڕۆحی وفیکرییەوە هیچ نین جگە لە بینینێکی شیعرییانە بۆ چاککردنی ژیان و بۆ پاراستنی مانەوەی مرۆڤ بە زیندوویی. شیعرییەت لێرەوە بریتییە لە هەوڵی ڕیفۆرمکردنی ژیان.

شیعریەت بریتییە لە دەستکاریکردنی ئەوەی لەئاراد پێماندراوە، بریتییە لە هەوڵی تێپەڕاندنی دۆخە سەپێنراوەکە، شیعرییەت بە کورتی بریتییە لە شۆڕشکردن بەسەر باری نائاساییدا. ئەمەش خەباتێکی درێژخایەنی نەبڕاوەیە، هەر لە دێرینترین ساتەوەختی تۆمارکراوی بیرکردنەوەی مرۆییەوە دەستی پێکردووە و تائێستاش مرۆڤ لە دۆخی نائاسایی دەرباز نەبووە، بۆیە لەم ماوە شوێنکاتییەدا لەسەرزەوی لەنێوان لەدایکبوون ومردندا، ئێمە ژیان وەک زیندەوەرێکی بیۆلۆگی پەتی، وەک ئاژەڵێک بەسەر نابەین، بەڵکو ژیان دەکەینە هونەرێک بۆ مانەوە لەژیاندا.

لێرەوەیە ئەوەی ئەم شیعرییەتە دادەڕێژێت دەبێتە شۆڕشگێڕ و ڕیفۆرمیستێک بۆ چاککردنی باری نائاسایی ژیان، شۆڕشگێڕێک کە بەخودهۆشیارییەکەوە، دەرکی بە خودبێگانەبوونی مرۆڤەکان دەکات.



ڕیکلام