سۆرانی  |  بادینی  |  English      

پارێزەر هەرێم عەبدوڵا: بڕیارى دادگاى تەمیز تائێستا چاپ نەکراوە و ئیمزا نەکراوە

  2021-05-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حاکم شێخ لەتیف رایگەیاند، دادگای پێداچونەوەی هەرێم، بەزۆرینەی دەنگ سزای بەندکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کردووە، بەڵام پارێزەر هەرێم عەبدوڵا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیارکە چاپ نەکراوە و ئیمزا نەکراوە.

لەتیف مستەفا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسینێکی بەناوی "رۆژێکی تری ڕەش" بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "بەداخەوە دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی هەرێم  کە لە پێنج دادوەر پێکدێن، بەزۆرینەی دەنگی سێ دادوەر سزای بەندکردنی رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد".

دەشڵێت: "رۆژێکی رەش و وەرچەرخانێکی ترسناک لەڕووی بەکارهێنانی دادگا بۆ سزادانی سیاسی، ناوبانگی هەرێمیش زیاتر ناشیرین دەکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، تاقە رێگا مابێ ئەوەیە کە سەرۆکی هەرێم لەئاستی وتەکانی خۆی بێ و بڕیارێکی لێبوردنی  تایبەتیان بۆ دەربکات، چونکە پێشبینی ناکرێت تازە دەستەی گشتی دادگای پیداچونەوەش بڕیارەکەی بۆ بگۆڕدێت یان بیەوێت بیگۆرێت ئەگەر داوای راستکردنەوەش بکرێت.

حاکم شێخ لەتیف راشیگەیاندووە، "جارێ بڕیارەکەیان چاپ و ئیمزا نەکردووە، بۆیە هیوادارین چاوی پێدابخشێنەوە، چونکە باش دەزانن بێ گوناحن و تاوانیان نەکردووە، هەروەک چۆن دادگای تاوانەکانی دهۆک پێشتر لە کەیسی هاوشێوەی مامۆستا بەدەل بەرواری بریاریدابوو کە ئەوەی مامۆستا بەدەلی پێ تاوانبار کراوە تاوان نیە و دەچێتە خانەی ئازادی رادەربڕین و رەخنەگرتنەوە".

چەند خولەکێک پاش بڵاوبوونەوەی ئەو نوسینەی حاکم شێخ لەتیف، پارێزەر هەرێم عەبدوڵا وەک نوێنەری دەستەی پارێزەرانی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیارەکەی دادگاى تەمیز چاپ نەکراوە و ئیمزا نەکراوە، بۆیە هێشتاش هیوادارین سزاکەیان پەسەند نەکرێت.

ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کراون و لە ١٦ی٢ی٢٠٢١ دادگاییکردنی بەشێک لە گیراوەکان لە دادگای ژمارەی ٢ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادگا هەر یەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانیی سزادا .

ئەو بڕیارە کاردانەوەی ناوخو و دەرەوی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤی لێکەوەتەوە، بۆیە دواتر و لە ٤ی٣ی٢٠٢١ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ئەو پێنج کەسەی بڵاوکردەوە و بە "تۆڕێکی سیخوڕ" ناویبردن.