كەیسی سزادراوانی بادینان رەوانەی دادگای پێداچونەوەكرا

  2021-03-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزەرێكی كەسی سزادراوانی بادینان رایگەیاند، كەیسی پێنج سزادراوەكەی بادینان رەوانەی دادگای پێداچونەوە كراوە و ئێمە چاوەڕوانی ئەوەین دادگا رۆڵی خۆی ببینێت.

 بەشدارحەسەن، یەكێك لە پارێزەرانی كەیسی سزادراوانی بادینان بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند، دوێنێ سێ شەممە دۆسیەی سزادراوانی بادینان بۆ دادگای تەمیز رەوانەكراوە، تا ئێستاش ئەوان نەیاتوانیوە سزادراوان ببینن لە كاتێكدا پارێزەری كەیسی ئەوانن. 

ئەو ئاشكرایكرد نە پێش سزادانی ئەو پێنج دەستگیركراوە و نە دوای سزادانیشیان نەیانتوانیوە بیانبینن و هەر جارەشی بە بەهانەیەك رێگریان لێدەكرێت. 

ئەو پارێزەرەی كەیسەكە باسی لەوەشكرد، ئەوان داوایەكیان داوەتە دادگا بۆ ئەوەی دۆسیەكە بدرێتە دەستەی بەرفراوانی دادگای پێداچوونەوە، بۆ ئەوەی زۆرترین دادوەر ئەو كەیسە ببینن و بڕیار بدەن ئێستاش تۆپەكە لە ساحەی دادگای پێداچونەوەدایە. 

بەشدار حەسەن نەیشاردەوە ئەوان هیوایان هەیە ئەو بەڵگانەی پێشتر خراونەتەڕوو جێی باوەڕ نین و نابنە جێی باوەریش بۆ سزادانی ئەو كەسانە. 

دوای زیاتر لە شەش مانگ لە دەستگیركردنیان هەریەكە لە شێروان شێروانی و گوهدار زێباری و ئەیاز كەرەم و و شڤان سەعید و هاریوان عیسا، لە رۆژی 16ی شوبات لەلایەن دادگای تاوانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا. 

دوای كاردانەوە جیهانی و ناوخۆییەكان لەبارەی ئەو كەیسەوە ڤیدیۆیەك بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە وەك دانپێدانان بڵاوكرایەوە، بەڵام لە كۆی پێنج ئەندامی ئەنجومەنەكە سێ ئەندام رەتیانكردەوە ئەو ڤیدیۆیە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە بڵاوكرابێتەوە. 


ڕیکلام