ئێران مەرجێکی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان ئێران و عێراق دانا

  2021-06-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی رایگەیاند، وڵاتەکەی ڤیزای ٤٥ رۆژەی نێوان ئێران و عێراقی هەڵگرتووه و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت عێراق هەمان رێکار جێبەجێبکات .

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەهدی شوشتەری سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی لەفەیسبوکی خۆی باسی لەوەکرد، ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران بڕیاری لەسەر لابردنی ڤیزای ٤٥ رۆژەی نێوان وڵاتەکەی و عێراق داوە و مەرجێکیشی بۆ ئاساییکردنەوەی گەشتەکانی نێوان هەردوو وڵات خستوەتەڕوو.

لەبارەی مەرجەکەشەوە، سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی دەڵێت، جێبەجێكردنی بڕیارەکە بەندە بە رەزامەندی حكومەتی عێراقەوە .

دوێنێش، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی ئێران بڵاویکردەوە، رەزامەندیان لەسەر لیستێک رێنمایی دەربڕیوە، کە بۆماوەی ٤٥ رۆژ ڤیزا لەسەر گەشتیارانی عێراق هەڵبگیرێت، هۆکارەکەشی بۆ سەردانیکردنی گەشتیارانی ئێرانیییە تاوەکو بتوانن بە ئاسانی گەشتەکانیان بۆ "شوێنە پیرۆزەکانی" عێراق ئەنجام بدەن.



ڕیکلام