کەجەکە ڕاگەیەندراوێکی لەسەر شەڕی ناوخۆ بڵاوکردەوە

  2021-06-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەجەکە رایگەیاند، نایانەوێت هیچ شەڕێک لەگەڵ هێزە کوردییەکان بکەن و دەڵێن،"پێویستە هەمووان رۆڵ ببینن تا پارتی شەڕی کورد و کورد نەکات ."

لەراگەیەندراوەکەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)دا هاتووە، ئەو شەڕەی لە ئێستادا لە ناوچەکانی مەتینا، ئاڤاشین و زاپ لەنێوان گەریلا و سوپای تورک شەڕێکی قورس هەیە، سەرباری ئەمەش لەنێوان هێزە سەربازیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و گەریلاش ئاڵۆزیەک هەیە کە "ئەگەر هەیە ببێتە هۆکاری شەڕ".

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی کەجەکەشدا هاتووە، کە لەو بڕوایەدان هونەرمەندانی کورد دەتوانن رۆڵی مێژوویی خۆیان بگێڕن و ئاماژە بەوەشکراوە، "گەل و هێزە سیاسیە کوردیەکان بەرپرسیاری خۆیان جێبەجێ بکەن و رێگری لەسەرهەڵدانی شەڕبکەن".

پێشتریش، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەدوای کوژرانی ژمارەیەک پێشمەرگە لە چیای مەتینای سەر بە قەزای ئامێدی لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەوەکردووە کە "بکەرانەی ئەو رووداوە بە سزای توندی خۆیان دەگەن".

هاوکات، موراد قەرەیلان فەرماندەی گشتی هەپەگە لەراگەیەندراویکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، هێزە سەربازییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەیانەوێت لە زۆر جێگە گەریلا گەمارۆ بدەن و دۆخەکە هاتووەتە ئاستێک کە شەڕ رووبدات.

رۆژی ٥ی ئەم مانگە، بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە هێزێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێرشیان کردوەتە سەر هێزێکی پێشمەرگە و بەو هۆیەشەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوتی دیکە برینداربوون.


ڕیکلام