لەسەر تیرۆرکردنی هەڤرین خەڵەف ئەمریکا سزای سەپاند بەسەر گروپی ئەحرار ئەلشەرقیەی سوریا

  2021-07-29  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەندین سزای سەپاند بەسەر گروپی (ئەحراری ئەلشەرقیە)ی چەکداری سوریا، کە تۆمەتبارن بە تیرۆرکردنی هەڤرین خەڵەف، یەکێک لە سیاسەتمەدارە ژنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان .

بە هەمان شێوە سزاکنی ئەمریکا دوو تۆمەتباری دیکەی توندەڕەوی گرتووەتەوە، یەکێکیان لە تورکیا دادەنشیێت، هاوکات ژمارەیە لێپرسراوی زیندانەکانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، کە تۆمەتبارن بە ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان .

چەکدارانی ئەحراری شەرقییە، دوو ساڵە لەمەوبەر هەڤرین خەڵەفیان تیرۆرکرد، کاتێک ئەو چەکدارانە هاوکاری سوپای تورکیایان کرد، لە داگیرگردنی بەشێکی ڕۆژئاوای کوردستان .

بە وتەی شایەتحاڵەکانی ڕوداوەکە، ئەو چەکدارانە ڕێگەیان بە هەڤرین خەڵەف گرتووە و بە زەبری چەک لە ئۆتۆمبێلەکەی هێناویانەتە دەرەوە و دەستبەجێ لەو شوێنو گولـلەبارانیان کردووە .

نوسینگەی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کاتە ئیدانەی تیرۆرکردنەکەی کرد وو بە تاوانی جەنگ ناویبردبوو .

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەو ڕێکخراوە چەکداریە تۆمەتبار دەکات بە کوشتن و لە سێدارەدانی سەدان کەس لە نزیک پارێزگای حەڵەبی سوریا .

لە بڕیارەکەدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، قەدەغەی هەموو مامەڵەیەکی ئەمریکا دەکات لەگەڵ ڕێکخراوی ئەحراری شەرقیە .

لێپرسراوێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، بڕیارەکانیان وەک وەبیرهێنانەوەیەکە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەموو ڕێوشوێنێک دەگرێتە بەر بۆ لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە پێشێلکاریان کردووە دەرهەق لە هاوڵاتیانی سوریا .

هەڤرین خەڵەف، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی داھاتووی کورد لە سووریا بوو، لە ١٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٨٤ لە سوریا لە دایک بووە، ئەندازیاری شارستانی و سیاسەتمەدار بووە .

لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لەلایەن چەکدارانی گرووپی ئەحرار ئەلشەرقیەی سەر بە تورکیا و لە کاتی ھێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩دا تیرۆر کرا .



ڕیکلام