محەمەد حاجی مەحمود؛ ئەبێت کورد لە بەغداد بکشێتەوە

  2023-01-25  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
محەمەد حاجی مەحمود دەڵێت، "پێموایە ئەبێت کورد لە بەغداد بکشێتەوەو هیچ پەیوەندییەک لە نێوان کورد و بەغداد نەمێنێت و هیچ نوێنەرایەتیەکی عێراقیش لە کوردستان نەمێنێت".

محەمەد حاجی مەحمود, سکرتێری پارتی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان لەکاردانەوەی بریارەکانی ئەمرۆی دادگای فیدرالی عێراق سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وێڕای چەندین پەیام و لێدوانمان لە ڕابردودا لەمەڕ بڕیار و ڕاسپاردە نادەستورییەکانی دادگای بەناو فیدراڵی دژی گەلی کوردستان و قەوارەی سیاسی هەرێم، کە بەیەقینەوە پشتئەستور بووە بە تێگەیشتنمان لە ناخی کاربەدەستانی بەغداد.

دەشڵێت، "داوا لە کورد ئەکەم چیتر خۆیان و نەتەوەی کورد و قەوارەی سیاسی هەرێم نەدەنە دەست قەدەر، دادگایەکی عەرەبی کۆمەڵێک بڕیاری نابەجێی داوە، وەک ئەوەی وارسی کورد بێت، پێموایە ئەبێت کورد لە بەغداد بکشێتەوەو هیچ پەیوەندییەک لە نێوان کورد و بەغداد نەمێنێت و هیچ نوێنەرایەتیەکی عێراقیش لە کوردستان نەمێنێت".

ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوەی عێراق ئەیکات دوژمنایەتی کوردە و پێویستە دادگای باڵای کوردستانیش بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات کە ئەو دادگا عەرەبیەی لە بەغدادە، دادگایەکی فیدڕاڵی نییە و دادگایەکی نا دەستووریە و هیچ بڕیارێکی جێبەجێ ناکرێت لە کوردستاندا.

بە وتەی محەمەد حاجی مەحمود، "عێراق پێویستی بە دادگای دەستوریی هەیە و ئەو دادگایەی ئێستا لە وەختی دەستوری کاتی عێراقدا دامەزراوە هیچ شەرعیەتێکی نییە".


ڕیکلام