راگەیاندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی بڕیارەکەی دادگای ئیتیحاددی

  2023-01-25  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو دادگایە بە شێوەیەکی دەستووری پێکنەهاتووە و رێکنەخراوە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدراڵی بڕیاربدات و داواش لە حکومەتی عێراق دەکات بڕیارەکانی دادگاکە جێبەجێ نەکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی بریارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق دەکات و رایدەگەیەنێت: بە داخەوە ئەمڕۆ دادگای ئیتیحاددی، جارێکی دیکەش، دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەم دادگایە، جەختکردنەوەیە لە درێژەدان بە سیاسەتی ناڕەوا و دژایەتیکردنی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە کەشێکی ئەرێنی و لەیەکنزیکبوونەوە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دروست ببوو بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور، کەچی بەداخەوە ئەمڕۆ دادگاکە، لە جیاتی پاڵپشتی ئەو کەشە ئەرێنییەی کە دروست بووە، لە بڕیارێکی ناڕەوا و دژ بە خەڵکی کوردستان، ڕێگری لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە کرد کە بڕیار بوو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە: چەندین جار شاندی ناردووەتە بەغدا و لە دوا سەردانیشدا، لە بەغدا گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار کرا و هەردوولا نیازپاکی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو کارنامەیەی کە لایەنەکان لەسەری ڕێککەتوون دووپاتکردەوە.

دەشڵێت: هەرێمی کوردستان،هەرێمێکی فیدرالی دەستوورییە و ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستووری عێراقە. هھەروەھا دژی رێککەوتنی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دژی کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشە کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە و تێیدا لە بڕگەیەکدا بە ڕوونی باس لە خۆدوورگرتن لە هەر ڕێکاڕێک دەکات کە کێشەکان ئاڵۆزتر بکات ( تجنب ایە اجراءات تێعیدیە). بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی دادگای ئیتیحاددی، بە بڕیارێک نەک تەنیا دژی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکھێنەرەکانی حکومەت دەزانین و پێویستە هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایان بەرامبەر بڕیار و ڕەفتارە ناڕەواکانی دادگای ئیتیحاددی هەبێت. هەروەک لە کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشدا هاتووە کە هەموو لایەنە بەشداربووەکان لە سەری ڕێککەوتوون، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا، پڕۆژە یاسای دادگای ئیتیحاددی دەربچێت، چونکە لە سایەی ئەم دادگایەی ئێستا، کە بە پێی دەستوور دروست نەکراوە ، هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و نابێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردوە، هەرێمی کوردستان ڕێز لە دەستوور و یاسا و دادگا شەرعییەکان دەگرێت، بەلام ئەم دادگایە بە شێوەیەکی دەستووری پێکنەهاتووە و ڕێک نەخراوە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدرالی بڕیار بدات ، بۆیە بڕیارەکانی ڕەت دەکەینەوە و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، نەچێتە ژێرباری ئەم بڕیارە و پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی.


ڕیکلام