پارێزەرێکی شاری هەولێر: هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بونەتە مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک

  2023-04-01  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای ڕووداوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری هەولێر، کە تیایدا چەکدار و کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان هێرشی کردە سەر گەنجێک و سەری تاشی و ئەتکی کرد، لە ئێستادا هاوڵاتیانی شاری هەولێر ترسیان لە دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداوانە هەیە بە چاوپۆشی هێزە ئەمنییەکانی هەولێر.


پارێزەر موسعەب ئەحمەد توتمەیی، کە دانیشتووی شاری هەولێرە، باس لە دووبارەبوونەوەی بەردەوامی ئەم ڕووداوانە دەکات کە بەهۆی خەمساردی و کەمتەرخەمی هێزە ئەمنییەکانەوە، چەکدار و کادیرەکانی حزب خەریکی ئەتککردنی خەڵکن.

ئەو پارێزەرە دەڵێت، ئەو کەسەی ئەم کارەی ئەنجامداوە بەناوی (کەیفی زراری) بەر لە چەند ساڵێک لەسەر چەند کەیسێکی دیکەی هاوشێوە کە بە ئاگاداری بەرپرسانی باڵای پارتی کردویەتی، چەند مانگێکی کەم سزادراوە و دواتر ئازادکراوە.

هەروەها بەر لە چەند مانگێک کەسێک لە شاری هەولێر کچەکەی خۆی کە تەمەنی ١٥ ساڵ بوو کوشتی، لەکاتێکدا ئەو کەسە ٥ جار ئەمری گرتنی هەبوو بەڵام دەستگیرنەکرا.

پارێزەر موسعەب ئەحمەد توتمەیی ئاماژە بەوەدەدات، دادگاکان لە هەولێر بە تەواوی حزب زاڵە بەسەریاندا و حزب لەبری دادوەر بڕیاردەدات، بۆ ئەمەش نمونەی ڕووداوی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵێکی ٧ ساڵ دەھێنێتەوە لەلایەن ٢ کادیری پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کە دادگا و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر چاوی خۆیان گرت لە ئاستیدا.

ئەو پارێزەرە دەشڵێت، لەم دۆخەدا هیچ کەس لە هەولێر لە ژیان و ماڵی خۆت دڵنیا نییە و دڵنیایی ئەوە نییە کە چەکدارێکی پارتی نەیەتە سەرت و هەمان جۆر ڕووداوت بەسەردا نەهێنێتەوە.


ڕیکلام