محەمەد حاجی مەحمود: ئیدانەی پەلاماری سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەکەین

  2023-09-18  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
محەمەد حاجی مەحمود لەسەر هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت هاتەدەنگ و رایگەیاند، "داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین سنورێک بۆ ئەو هێرش و پەلامارانە دابنێت".

محەمەد حاجی مەحمود رایگەیاند، "ئەمڕۆ ۱۸ـی ئەیلولی ۲٠۲۳ جارێکی تر ناحەزانی ئاسایش و ئارامی ھەرێمی کوردستان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھێرشێکی ناڕەوایان کردە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت و لە ئاکامدا ژمارەیەک شەھید و برینداری لێکەوتەوە".

ئاماژەی بەوەشداوە، "ئیدانەی پەلاماری سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت دەکەین و داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین سنورێک بۆ ئەو هێرش و پەلامارانە دابنێت".

جەختی لەسەر ئەوەشکردوەتەوە، "ئەم هێرشە و کۆی پەلامارە ناڕەواکانی سەر هەرێمی کوردستان پێماندەڵێن، دوژمنانی گەلەکەمان سەرخان و ژێرخانی ئابوری، هاووڵاتی سڤیل، سیاسەتمەدار، جوتیار، پێشمەرگە و ڕەز و باخەکانی کوردستان بە دوژمنی خۆیان دەزانن و هەرکات دەرفەتیان هەبێت کەمتەرخەمی ناکەن لە کاولکردنی!".

محەمەد حاجی مەحمود باسی لەوەشکردوە، "بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو کاولکارییەی بەگەل و خاکەکەمان دەکرێت کەڕ و کوێر و لاڵن".  

دەشڵێت، "روحی شەھیدان شادبێت، ئومێدی چاکبونەوەی بە پەلە بۆ بریندارەکان دەخوازین".


ڕیکلام