مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: هێرشی دوژمنکارانەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت هێرشە بۆ سەر هەرێم و بەشێک لە سنووری عێراق
ھێرشی دوژمنکارانەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، ھێرشە بۆ سەر تێکرای ھەرێمی کوردستان و بەشێک لە سنووری کۆماری عیراقی فیدرال.
کردەوە پرٍ لە تاوان و دوژمنکاریەکەی ئیمرۆ بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکالیی عەربەت سنور بەزاندنێکی لە ڕادەبەدەری ھەرێمی کوردستانەو جێبەجێکردنی ئەو پیلانە دژ بە مرۆڤایەتیەیە کە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بە گشتی و سنوری سلێمانی بە تایبەتی دارێژراوە.
ئێمە وێرای ئیدانەی توندی ئەو تاوانە تەئکید لە پێویستیی یەک ریزی و یەکھەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە بۆ بەرەنگاری مەترسییەکانی سەر ھەرێمەکەمان . ئەم جۆرە پەلاماردانە دوژمنکاریانەی سەر ھەر بستێکی ھەرێمی کوردستان بە پەلاماردان بۆ سەر بەشێکی جوگرافیای عیراقیش دەزانین ، پەلاماردانی ھەر یەکەیەکی ھێزەکانی ھەرێمی کوردستان کە لە پێکھاتەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق و لە دەستوری ھەمیشەییدا بە رەسمی ناسێندرابێتن مانای پەلاماردانە بۆ سەر مەنزومەی ئەمنی و سەربازی عیراقیش، بۆیە جارێکی تر داوا و تەئکید لە حکومەتی فیدرالی عیراق دەکەینەوە کە چیتر نابێت لە ئاست ئەم پەلاماردانە ترسنۆک و دوژمنکاریانەی داگیرکەراندا بێدەنگی ھەڵبژێرن و دوژمنان بە وڵاتەکەمان خۆش بکەن.
بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسیی و دیبلۆماسیانەو سەرکۆنەکردنی ئەم پەلامارانە داوا لە کۆمەڵگای نێودەولەتی و ناوەندە ئازادیخوازەکانی دونیا دەکەین کە ھاودەنگمان بن لە گەیاندنی پەیامی ریسوا کردنی ئەم جۆرەتاوانانەو بکەرەکانیان کە بونەتە ھەرەشە و مەترسی بۆ سەر تێکرای مرۆڤایەتی.
ھەر لێرەوە برسە و ماتەمینی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری شەھیدەکان دەکەین کە لە پێناوی بەرگری و پاراستنی ئارامی و ئۆقرەیی ھەریمەکەماندا گیانیان بەخشی ، ھیوای ھەرچی زوو چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین .
ریسوایی بۆ پەلاماردەرانی وڵاتەکەمان
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان