کۆمسیۆن میکانیزمێک بۆ هەڵبژاردنی هەرێم ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی دەکات

  2023-12-03  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق میکانیزمێکی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێم ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی دەکات.

ژیان:

لە نوسراوی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هاتوە، لە میکانیزمی دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، پشت بە داتای دەنگدەرە تۆمارکراوە بایۆمتەرییەکان ببەسترێت، ئەو رێکارەش بە پشتبەستن بە یاسای ژمارەی ٤ی ساڵی ٢٠٢٣ دیاریکراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی یاسای ژمارەی ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەر پارێزگایەکی عێراق دەبێت بە بازنەیەک و هەر بازنەیەکیش ژمارەیەک کورسی بۆ دیاری دەکرێت، بە شێوەیەک لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانەکەی گونجاو بێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ٣٢٠ کورسی بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکرێت، بە پشتبەستن بەو میکانیزمەش پارێزگای سلێمانی ١٨ کورسی وەردەگرێت، پارێزگای هەولێر ١٥ و پارێزگای دهۆکیش ١١ کورسی.

سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستان کۆمسیۆن ئەوەی رونکردوەتەوە، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان ١١١ کورسییە و ژمارەی کورسییە گشتییەکان ١٠٠ە و ژمارەی کورسییەکانی تایبەت بە پێکهاتەکانیش ١١ کورسییە.
دەشڵێت، بە پشتبەستن بە هەمان میکانیزمی بازنەکان، پارێزگای سلێمانی ٤١ کورسی بەردەکەوێت و پارێزگای هەولێر ٣٤ کورسی وەردەگرێت، هەروەها ٢٥ کورسی بۆ پارێزگای دهۆک دەبێت.

لە نووسراوەکەی کۆمسیۆن باسی ١١ کورسییەکەی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان کراوەو ئەویشی بە گوێرەی رێژەی دەنگی پارێزگاکان دابەشکردووە، بەوەش سلێمانی و هەولێر یەکی چوار کورسییان بەردەکەوێت و دهۆکیش سێ کورسییەکەی تری بەردەکەوێت.


ڕیکلام