وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیەنێت: کۆبونەوەی لیژنەی باڵای سەربازی عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان دەستپێکردووەتەوە و خشتەیەکی زەمەنی دیاریدەکەن بۆ کۆتایهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق.
لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند: لیژنەی باڵای سەربازی عێراق کۆبونەوەکانی لە گەڵ هاوپەیمانان دەستپێکردووەتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی سەربازی و ئاستی مەترسی و ژینگەی ئۆپراسیۆنەکان و توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەسەربنەمای ئەو کۆبونەوانە، خشتەیەکی زەمەنی دیاریدەکرێت بۆ کەمکردنەوەیەکی دیراسە بۆکراو بەشێوەی پلە بە پلە، تا دەگاتە کۆتایهێنان بە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گواستنەوە بۆ پەیوەندی دووقۆڵی.
وتیشی: ئەگەر هیچ پێشهاتێک کێشە بۆ گفتوگۆکان دروست نەکات، کۆبونەوەکان بەردەوام دەبن بۆ تەواوکردنی کاری لیژنەکە بەخێرایی.