هۆبەی چاودێری و ئاڵوگۆڕی دراو و شتومەکی ئاسایشی سلێمانی چەند ڕێنماییەکی بۆ ئەو شوێنانەی ئاڵوگۆڕ بە دراوەوە دەکەن دەرکردوە و پێیانراگەندراوە، نابێت مامەڵە بەدراوی ئەلیکترۆنیەوە بکرێت.
بەگوێرەی نووسراوێکی هۆبەی چاودێری و ئاڵوگۆڕی دراو و شتومەکی ئاسایشی سلێمانی، ئاگاداری سەرجەم کۆمپانیا، نووسینگە، دەستگێڕ و کاسبکاران دەکاتەوە، پابەندی پێنج بڕیاری دیاریکراو بن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە.
لەبڕیارەکاندا هاتووە، نابێت جیاوازی بکرێت لەنێوان دۆلاری چاپی کۆن و نوێ، کاتێک دراو وەرناگیرێت کە (ساختە، دڕاو، تەواو ژاکاو) بێت، هەروەها لەکاتی وەرگرتنی حەواڵە داوای کەفیل نەکرێت و بدرێت بەو کەسەی کە بەناویەوە هاتووە یاخود بریکارنامەی ئەو کەسەی پێ بێت کە بەناویەوە هاتووە.
لە نووسراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو کەسەی حەواڵە وەردەگرێت پێویستە پێناسی پێ بێت، مامەڵەکردنیش راستەوخۆ و رووبەڕوو دەبێت، مامەڵەکردن بەدراوی ئەلیکترۆنی بەهەموو شێوەیەک رێگەپێنەدراوە.