قوباد تاڵەبانی: بەهیممەتی سەرۆک بافڵ، ئێستا یەکێتی هێزێکی زۆر کاریگەرە

  2024-05-15  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبى سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بارەگاى مەڵبەندی ١٤ی رێکخستنی کۆیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرکردەوە و شێوازەکانی پەرەپێدان و نوێکردنەوەی ریزەکانی یەکێتی لەسنورەکەدا تاوتوێکرد.

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبى سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، رۆژى چوارشەممە 15ی ئایارى 2024 ، سەردانی مەڵبەندی کۆیەی یەکێتی کرد و پیرۆزبایی لە تەحسین نامق کرد بەبۆنەى دەستبەکاربوونی وەک لێپرسراوی مەڵبەند، پاشان گفتوگۆکرا لەبارەى هەوڵ و هەنگاوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی هاوکێشە سیاسییەکان و لەبەر رۆشنایی دوایین گۆڕانکارییەکان. 

دواتر و بۆ بەدواداچوونی کاری رێکخراوەیی بەچڕی تاوتوێى هەوڵەکانى مەڵبەند کرا بۆ کۆکردنەوەى کادران و هۆشیارکردنەوە و ئامادەسازییان بۆ قۆناغی ئایندەى پرۆسەى سیاسی و دیموکراتی لەهەرێمی کوردستان کە لەهەمووان دەخوازێ کاربکەین بۆ ئەوەی ریزەکانی یەکێتی هەر وەک ئێستا رێکخراو بێت و بەتەنگ داواکارى هاوڵاتیانەوە بین و باشترینی خۆمانیان پێشکەش بکەین.

لەوێ ئاماژەی بە هەوڵەکانی سەرۆک بافڵ-دا بۆ بەهێزترکردنی یەکێتی و هێنانە کایەی هاوسەنگی هێز. وتیشی: ئەمڕۆ یەکێتی لەقۆناغی پەرەپێدانەو یەک دەنگ و بەهێزە لەژێر سایەی هەوڵ و سیاسەتەکانی سەرۆک بافڵ، و هەموومان وەک یەک تیم کار دەکەین بۆ ئەوەی یەکێتی هەر بەو بەهێزییەی ئێستای بمێنێتەوە و لەئاستی چاوەڕوانی کادیران و کۆمەڵانی خەڵک بێت.

قوباد تاڵەبانی وتیشی: بەهیممەتی سەرۆک بافڵ و هەڤاڵانی تر؛ ئێستا یەکێتی لەسەر ئاستی عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، هێزێکی زۆر کاریگەرە و دەتوانێت ئەو گۆڕانکارییە بکات کە خەڵک چاوەڕێی دەکات.


ڕیکلام