کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان: ئەو دەرمانانەی لە ئۆنلاین رێکلامیان بۆ دەکرێت بەرهەمی مەترسیدارن

  2024-05-24  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرمانگەی کۆنتڕۆڵی هێنان و دروستکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان ئاشكرایكرد، ئەو دەرمانانەی لە بازاڕی ئۆنلاین و گیادەرمان و ساڵۆنەکانەوە بۆ چارەسەری قەڵەوی و گەورەکردنی ئەندامی جەستەی ئافرەتان و پیاوان رێکلامیان بۆ دەکرێت، بەرهەمی مەترسیدارن و ماددەی قەدەغەکراویان تیادایە.

فەرمانگەی کۆنتڕۆڵی هێنان و دروستکردنی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوکانەکانی فرۆشتنی بەناو گیادەرمان، بەردەوام بانگەشەی هەڵە و چەواشەکارانە بۆ مەبەستی چارەسەرکردن، کەمکردنەوە یان رێگریکردن لە نەخۆشی بۆ کۆمەڵێک بەرهەم دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو بەرهەمانە بەپێی پێوەرە زانستییەکانی رێکخستنە دەرمانسازییەکان، رێگەپێدراونین.

باسی له‌وه‌شكردووه‌، ئەو بەرهەمانەی رێکلام و بانگەشەی پەسەندنەکراو و درۆیینەی وەک چارەسەرکردنی نەخۆشیی شەکرە، قەڵەوی، کێشکەمی، گەورەکردنی ئەندامەکانی جەستەی ئافرەتان، لاوازیی سێکسی، رەپنەبونی چوک و گەورەکردنی چوکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دەکرێت.

روونیكردوەتەوە، بەپێی راپۆرتی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی تاقیگەیی دامەزراوە گەورەکانی دەرمان، ئەو بەرهەمانە مەترسیدارن، چونکە ماددە و دەرمانی شاراوە یان قەدەغەکراویان بە بڕی زۆر تێدایە، سەرجەمیشیان لێکەوتی مەترسیداری تەندروستیی لەسەر ئەندامەکانی لەش وەک، ئێسکەکان، گورچیلەکان، جگەر، گەدە، مێشک و دڵ جێدەهێڵن.

فەرمانگەی کۆنتڕۆڵی هێنان و دروستکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات، كە پێویستە ئاگاداربن کە ئەو بەرهەمە ساختانە رەنگە لە رێگای کەناڵە جیاوازەکانەوە بۆ فرۆشتن پێشکەش بکرێن، لەوانە ئینتەرنێت، بازاڕە گەورەکانی ئۆنلاین، سۆشیال میدیا، ئیمێڵ، پۆست، ساڵۆن، دەرمانخانە، دوکانی گیادەرمان، بەهاراتفرۆشەکان و کۆگای خۆراک.





ڕیکلام