بەیانی ئەمڕۆ جێگری سەرۆک وەزیران قەزای چەمچەماڵی بەسەرکردەوە و سەردانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵی کرد
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ، ئەمڕۆ یەکشەمە ( ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤)، بەئامادەبوونی دارا رەشید، وەزیری پلاندانان پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵی بەسەر کردەوە.
جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: دانیشتوانی چەمچەماڵ ساڵانێکی زۆرە بە دەست کیشەی ئاوەوە دەناڵێنن و چەندین ساڵیشە چاوەڕوانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیەن.
وتیشی: نابێت بەهیچ هۆکارێک کارکردن لە پڕۆژەکە بوەستێت و داوایکرد کۆمپانیای جێبەجێکار لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکات، چونکە ئەمە سەرەکیترین داواکاری و مافی دانیشتوانی چەمچەماڵە.
پڕۆژەکە بە گوژمەی ٧٨ ملیۆن دۆلار چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ماوەی٧٣٠ رۆژدا تەواو بکرێت.