وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای دەکاتە کە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تایبەت کە هێزە ئەمنیەکان دەگرێتەوە راستەوخۆ کارتی دەنگدانیان لی وەردەگرێتەوە
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند: لە دەنگدانی تایبەت دا بۆ هەر وێستگەیەکی دەنگدان ٣٠٠ دەنگدەر دەتوانێت دەنگی تێدا بدات، کۆمیسیۆن دەنگدەرانی تایبەتی بەپێی وێستگەکان بە ژمارە و ناو دابەشکردوون، بۆ ئەوەی دەنگدانەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەشداوە: هەر دەنگدەرێکی دەنگدانی تایبەت، کارتی بایۆمەتری کۆدکراوی تایبەت بە خۆی هەیە و دوای دەنگدان لێیان وەردەگیرێتەوە، خۆ ئەگەر رادەستیشی نەکردبێت، ناتوانێت لە دەنگدانی گشتیی بەکاری بهێنێت، چونکە ئەو ئامێرەی لە دەنگدانی گشتیی بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکانی دەنگدەر بەکاردەهێنرێت، کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت ناخوێنێتەوە.
لە رۆژی١٨ ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت ئەنجام دەدرێت، لە ٢٠ی ئەم مانگەش دەنگدانی گشتیی بەڕێوەدەچێت.