لەشەوی ڕابردووەوە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بەردەوام گوندەکانی سنوری ناحیەی دەرکاری قەزای زاخۆ بۆردومان دەکەن.
شایتحاڵانی ناوچەکە بە(تۆڕی هەواڵی ژیان)یان ڕاگەیاند شەوی ڕابردوو و بەرە بەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە دەجار فڕۆکەکانی تورکیا گوندەکانی (پەرەخ ، شیشێ ، بھێر ، شەرانشی سەروو) لە ناحیەی دەرکاری زاخۆ بۆردومان کردوە و زیانی زۆریان بە رەز و باخی و پاوەندی گوند نشینەکان گەیاندوە.
هەروەها لە دەڤەری برادۆستیش فڕۆکەکانی تورکیا بەردەوامن لە بۆردومان و زیانیان بە چەندین شوێن گەیاندوە.
ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە سکای نیوزی عەرەبی ڕاگەیاندوە بۆردومانەکەی تورکیا زیانی زۆری بە گوند نشینیان گەیاندوە و ترسی لای هاوڵاتیان دروستکردوە.
ئەوە لەکاتێکدایە شەوی ڕابردووش فڕۆکەکانی تورکیا گوندەکانی سنوری قەزای ئامێدیان بۆردومانکرد و زیانی مادیان بە گوندنشینان گەیاند.
هەروەها بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری تورکیا کوژرانی دوو سەرباز و برینداربونی سەربازێکی دیکەی لە حەفتانینی زاخۆ بە دەستی پەکەکە ڕاگەیاند.