بۆ سێ ساڵ لەسەر یەک پارێزگار کەرکوک دەستی کردەوە بە سەوزکردنەوەی ناوەڕاستی شەقامە سەرەکییەکانی شاری کەرکوک بە چیمەنی دەستکرد.
پارێزگاری کەرکوک لەبری چیمەن و داری سروشتی هەستاوە بەدانانی چیمەتی دەستکرد و دانانی فەردە خۆڵ لەسەریان بۆ ئەوەی لە کەشە نائاساییەکاندا بای نەیباد.
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لەسەر فەرمانی ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک دووجار شەقامەکانی کەرکوک بەو جۆرە چیمەنە سەوز کراون و ئەمە سێهەمین جارە، بەڵام دوای ماوەیەک بەهۆی کاریگەریی کەشوهەواوە تێکچووە یان با بردوویەتی، چونکە نایلۆنە و لەڕێگەی سلیکۆنەوە بە زەوی قەراغی شۆستەکەوە جێگیر کراوە.
ئەو هەنگاوەی پارێزگاری کەرکوک لەشارەکە بووەتە جێگەی ناڕەزای هاوڵاتیان و دانیشتوانی شاری کەرکوک، کە بۆچی سەرەڕای بوونی پارە و بودجەیەکی زۆر لەبەردەستی پارێزگاردا ، بەڵام لە بری چیمەنی سروشتی و ڕواندنی درەخت، پەنا بۆ دانانی چیمەنی دەستکرد دەبات.