دابان محەمەد پەرلەمانتاری گۆڕان رونکردنەوە لەبارەی کێشەکانی ناو فراکسیۆنی گۆڕان دەدات و دەڵێت ئەگەر سەرۆکایەتی فراکسیۆن ببێتە پێگەیەکی دەست و دەمبەستراو بۆ رازیکردنی دڵی پارتی گرنگی نامێنێت.
دابان محەمەد لە نوسینێکدا لە پەیجی فەرمی خۆی دەڵێت کاتێک رێکخەری گشتی گۆڕان زانیویەتی زۆرینەی فراکسیۆن پشتگیری ئەو دەکەن هەڵبژاردنی سەرۆکی فراکسیۆنی راگرتووە و دەست بەسەر ژوری هەڵبژاردنی گۆڕاندا گیراوە.
ئاماژە بەوەشدەکات پێش وادەی هەڵبژاردنەکە دهستێوهردانى ئاشكرا و زهق كرا، تۆمهت بهخشرایهوه دژى بهشێك له فراكسیۆن! فشارى زۆر، بهكارهێنانى ڕێگاى ناشهرعى و ههڕهشه و تهنانهت ئیمتیاز و بهخشین، بەرامبەر ئەو بەرێزانەی کە پێیان وابو پشتیوانی بەندە دەکەن، هەمو ئەوانە كاریان له هاوڕێكانی نهكرد.
دەشڵێت دوای دە رۆژ چاوەڕوانی هەڵبژاردن کرا و ئەو بە سەرۆکی فراکسیۆن هەڵبژێردراوە و بەشێک لەبەرپرسانی گۆڕان پیرۆزبایان کردوە و میدیای گۆڕان هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە بەڵام کێشەکە هەر بەردەوام بووە و پێنج پەرلەمانتار پابەند نەبوون بە پرۆسەکەوە وهەوڵی لەتکردنی فراکسیۆن درا.
دابان محەمەد ڕاشیگەیاندوە دواتر لەسەر داوای رێکخەری گشتی گۆڕان هەڵبژاردنێکی دیکەیان کردۆتەوە و ئەمجارە دەنگەکان بەرامبەربوون بۆیە ئەو پرۆسەکەی جێهێشتووە و ئەنجامەکەیان رەتکردۆتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان پرسیار دەکات ئایا بۆچی رێکخەری گۆڕان جیاوازی لە نێوان دوو پەرلەمانتاری حزبەکەیدا دەکات؟ ئایا مومکینە مامەڵە لەگەڵ گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاسیی بكرێ بەم نەفەسە؟! ئایا دەبێ رێکخەری گشتی هەمو گۆڕان بە تەکەتول و گروپی خۆی بزانێ یا چەند کەسێک ؟ ! .
دابان محەمەد باس لەوەش دەکات ئەگەر پەرلەمانتار و وەزیرەکانی گۆڕان کێشەیان هەبێت دەبێت بیبەنە لای رێکخەری گشتی گۆڕان،ئەی ئەگەر رێکخەر کێشەی هەبێت بیبات بۆ کوێ؟.
ئاشکراشیکردوە سهرۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له پهرلهمانى كوردستان، گرنگى و بایهخى تا ئهو جێگهیه ههیه، بتوانێت نوێنهرایهتى ڕاستهقینهى خهڵك بكات، بهرگرى لهو بنهمایانه بكات كه بزوتنهوهى گۆڕانى لهسهر دروست بوه، لەوە بترازێ و بێتە سەر ئەوەی ببێتە پێگەیەکی حزبی دەست و دەم بەستراو، بۆ ڕازیکردنی دڵی پارتی، هیچ نرخێکی نیە و ناشبێت .