توشبوویەکی شێرپەنجە لە قژەکانی تابلۆی هۆنەری دروستدەکات

  2020-10-19  | 
سلێمانی
توشبوویەکی شێرپەنجە لە قژەکانی تابلۆی هۆنەری دروستدەکات
فۆتۆ: پەیجی فەرمی قوباد تاڵەبانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
توشبوویەکی شێرپەنجە لە شاری سلێمانی لە قژەکانی تابلۆی هۆنەری دروستدەکات و داهاتەکەشی بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشانەی کە هێشتا لە قۆناغی بەرگریدان، دەبەخشێت.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "ژنان كە دایك و خوشك و هاوژین و هاوڕێمانن، دیوە جوانەكەی تری ژیانن، بە پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمك، دەتوانن لە تەندروستی خۆیان دڵنیا بن".

ئاماژی بەوەشکردووە، لە ئێستادا ڕێگاکانی چارەسەر زۆرن، بە هەوڵ و لێبڕانی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، چیتر شێرپەنجە یەكسان نییە بە مردن.

دەشڵێت، "ئەم مانگە كە تایبەتە بە ھۆشیاركردنەوەی خەڵک لەبارەی شێرپەنجەی مەمكەوە، بە چیرۆكی خاتونێكی جەنگاوەر و بەخشندەی ناساندین کە بەسەر شێرپەنجەدا زاڵ بووە، ئەمڕۆ هەموومان پێكەوە لە نەخۆشخانەی هیوا بە سەرسامی و سوپاسەوە ئامادەی دەستپێشخەرییەكەی بووین".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم راشیگەیاندووە، "ھێڤی خان لە جیاتی ئەوەی چۆک بۆ شێرپەنجە دابدات، پرچەکانی خۆی کردە فڵچە و کۆمەڵێک تابلۆی هونەریی پێ نەخشاند. ئەمڕۆش داهاتی تابلۆ ڕەنگینەكانی بەخشی بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشانەی کە هێشتا لە قۆناغی بەرگریدان، خوازیارم هەموومان ئیلهام لە كۆڵنەدان و گیانی بەرزی هاوكاری، هەروەها هەستی مرۆڤدۆستانەی ئەو، وەربگرین".



ڕیکلام