مەلا بەختیار نامەیەک ئاراستەی ماکرۆن دەکات

  2020-10-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری پلاتفۆڕمی دابڕان نامەیەک ئاراستەی ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا دەکات و دەڵێت" بێ پەردە پشتیوانی سیستەمی دیموكراسی و سیكۆلاریستی فەرەنسا دەكەین و فەلسەفەی ئازادی، رێگە نادا، پێشێلی پیرۆزیەكانی مرۆڤی ئیماندار بكرێ.

مەلا بەختیار ڕایگەیاندوە، هەفتەیەكە، لەسەر لێدوانێكی سەرۆك ماكرۆن و بڵاوكردنەوەی كاریكاتێرێكی ناشایستە لەسەر پێغەمبەری ئیسلام، تەواوی هێزە ئیسلامگەراكان، لەگەڵیاندا بەشێكی بێشوماری  باوەڕدارانی ئیسلامی، ناڕەزاییەكی بێڕادە دەردەبڕن. خەریكە وای لێدێ، لەسەر ئاستی جیهان، بەرەی ئیسلامی و بەرەی دیموكراسی، بكەونە دژایەتی یەكتر.

مەلا بەختیار لەنامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە فەرەنسا، لەسەردەمی سەرۆك میتران و دانیالی خانمی یەكەمی پێشوتری فەرەنساوە، لەكاتێكدا كوردستان كیمیاباران كرا، زۆربەی حكومەتە عەرەبیە ئیسلامیەكان، بەتایبەتی حكومەتەكانی كەنداو (سعودیە، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، كوەیت) هەروەها كۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی پشتیوانی رژێمی سەدامیان دەكرد.

مەلا بەختیار دەشڵێت ئێستا مامۆستایەكی فەرەنسی، كە بەبێ پرسی حكومەتی فەرەنسا، كاریكاتێرێكی ناشایستەی لەسەر پێغەمبەری ئیسلام بڵاوكردۆتەوە. سەرئەنجام دڕندەیەكی موسڵمانی چیچانی، سەری بڕیوە، لەبری ئەوەی دونیا دژی ئەم تاوانە رابپەڕێ، كەچی هێزە ئیسلامیەكان و سەدان هەزار موسڵمان، دەنگی ناڕەزاییان دژی سەرۆكی فەرەنسا بەرزكردۆتەوە.. تەنها لەبەر ئەوەی فەرمویەتی: ئیسلام لەكێشەدایە. ئەمە لەكاتێكدایە، ساڵەهایە بیرمەندانی عەرەب و ئیسلامی، زیاتریان لەسەر كێشەی ئیسلام فەرمووە.

مەلا بەختیار نوسیوشیەتی ئەگەر ماکرۆن گوتبای جیهانی ئیسلام، یان دەسەڵاتەكانی ئیسلام لەكێشەدایە، باشتر بوو. چونكە، ئاینی ئیسلام.. وەكو ئایین، لەچۆنێتی پەیڕەوكردن، حكومڕانی، لێكدانەوەی مەزهەبی، تەریقەت و زاناكانیدا، لێكەوتەی چەشناو چەشنی هەیە. هەر بۆیە لایەنە سیاسیەكان و مەزهەبەكان و تەریقەت و حكومەتەكانیش، سیستەمی دەسەڵاتی ئیسلامی و ژینگەی ئیسلامی ناكۆكیان هەیە. كەچی یەك خودا و یەك قورئان و یەك پێغەمبەریشیان هەیە.

دەشڵێت"حکومەتە ئیسلامییەکان بە خۆیان رەوا دەبینن مەزهەبی جیاواز پەیڕەو بكەن،شەڕی یەكتر بكەن، خوێنی موسڵمانان بڕێژن، كەچی ئەگەر سەرۆك ماكرۆن رەخنەیەكیان لێبگرێ كاردانەوەی توندیان دەبێ. 

مەلا بەختیار تکا دەکات کە ئەوان لە سیستەمی مۆدێرنێتەی خۆیانەوە، كە رەگوریشەكەی بۆ سەردەمی رێنیسانسی ئیتاڵیاو، ریفۆرمی ئاینی ئەڵمانیا و، رۆشنگەری فەرەنسا دەگەڕێتەوە، سەیری ئیسلام و جیهانی ئیسلام و نەریتی ئیسلامی نەكەن. هێشتا ئەو گۆڕانكاریە دیموكراسی و ئازادییەی رۆژئاوا، هێشتا ئەو ئەقڵە كراوەیە بە ئازادی رەخنە گرتن لە پێغەمبەرانی مەسیحی و جولەكە، یان نوسینی رۆمان و دەرهێنانی فیلمی سینەما لەسەریان، بە دروستكردنی كاریكاتێریش، زۆر دورە لەجیهانی ئیسلام و لە سیستەمی بیركردنەوەی رای گشتی موسڵمانان. بۆیە، كاتێك كاریكارتێر لەسەر پێغەمبەر بكرێ. ئەم جۆرە رەفتارە، نەك بۆ فەرەنساو رۆژئاوا، بەڵكو بۆ هەستی ئازادیخواز و مەدەنیخوازانی وڵاتانی ئیسلامیش زیانی هەیە.

مەلا بەختیار داواش دەکات ئەم کێشەیە چارەسەربکرێ و هەستی برینداركراوی موسڵمانیانیش، سارێژ بكرێ. هەروەها ئەركی تەواوی نەتەوەی كورد و ئازادیخوازانە، دژی ئیسلامگەرا توندڕەوەكان بن، كە فاشستانە، سەری مامۆستایەك دەبڕن


ڕیکلام