کۆمپانیای مۆدێرنا نرخی ڤاکسینی کۆرۆنای ئاشکراکرد

  2020-11-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر سەرۆکی جێبەجێ کاری کۆمپانیای مۆدێرنا ئەمڕۆ نرخی پێشبینیکراوی ڤاکسینەکەی ئاشکرا کرد، کە لە دژی کۆرۆنا بەرهەمی هێناوە و ئەنجامێکی دڵخۆشکەری هەبووە لەسەرجەم قۆناغەکانی تاقیکردنەوەدا.

ستیڤان بانسل سەرۆکی جێبەجێکردنی کۆمپانیای مۆدێرنا بە ڕۆژنامەی  "فیڵت ئام سونتاگ"ی ئەڵمانی ڕاگەیاندووە، نرخی ڤاکسینەکە کە لەلایەن حکومەتەکانەوە دیاریدەکرێت، نرخەکەی لە نیوان ٢٥ بۆ ٣٧ دۆلاردا دەبێت بۆ ژەمێک، ئەو نرخەش پشت دەبەستێت بە بڕی داواکراو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤاکسینەکەیان بە نزیکی تێچوونی ڤاکسینی ئەنفلۆنزا لەخۆ دەگرێت، کە نرخەکەی ئەویش لە نێوان ١٠ بۆ ٥٠ دۆلاردایە.

هەفتەی ڕابردوو لێپرسراوێکی یەکێتی ئەوروپا کە بەشداربووە لە گفتوگۆکانی کۆمپانیاکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ مۆدێرنا بۆ کڕینی ملیۆنان  ژەم لە ڤاکسینی کۆرۆنا، بە نرخی کەمتر لە ٢٥ دۆلار بۆ هەر ژەمێک.

بانسل ئاشکرایکرد، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنیک ئیمزا نەکراوە، بەڵام نزیکن لە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمسیۆنی ئەوروپا، بەڵام بابەتەکە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆتایی پێ دیت و گرێبەستەکە ئامادە دەبێت.

پێشتر کۆمپانیای مۆدێرنا ئاشکرایکردبوو، ڤاکسینەکەی بە ڕێژەی لە ٩٤.٥% سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لە پاراستنی ئەو کەسانەی کە ڤاکسینەکەیان بەکارهێناوە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.



ڕیکلام