نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان دابەزی

  2020-11-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بە 47 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەكرا و بەهای یەك بەرمیل نەوتی ئەمریكیش بە 44 دۆلار و 85 سەنت مامەڵەی پێوەكرا.

ئەوە لە كاتێكدایە بەیانی دوێنێ پێنجشەممە بەهای نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا  بە 48 دۆلار و 91 سەنت و نەوتی خاوی ئەمریكی بە 45 دۆلار و 33 سەنت مامەڵەی پێوەكرا، بەوەش نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەكەیەوە بەراورد بە دوێنێ بەیانی رووی لە دابەزین كرد. 

گەیشتنە ئەنجامی چەند ڤاكسینێك دژی كۆرۆنا  و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەمریكا، بڵاوبوونەوەی هەواڵی راسپاردنی تیمی سەرۆكی ئێستای ئەمریكا بۆ ئامادەكاریەكانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بازاڕی وزە كرد. 

ماوەی نزیكەی هەشت مانگی رابردوو بەهای نەوت بەشێوەیەكی ئاسایی رووی لە بەرزبووەنەوە كردووە بەراورد بە چەند مانگی سەرەتای ساڵ كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبویەوە، هۆكاری بەرزبوونەوەكەش بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی ژیانی خەڵك و كارگەكان لە جیهان دەگەڕێتەوە دوای گرتنەبەری رێكارەكانی روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.