قائیمقامیەتی سلێمانی ئاگاداری گازینۆ، کافتریای نێرگەلە و دوکان و فرۆشیارانی خواردنەوە مەستییەکان دەکاتەوە رێگری لە هاتوچۆکردنی نەوجەوانان بکەن و هیچیان پێنەفرۆشن و سەۆکی لیژنەکانیش دەڵێت: روبەڕوی داخستن و دادگا دەکرێنەوە.
لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند بەپێی رێنمایی و یاسای کارکردن، هاتوچۆکردن و پێشکەش کردنی نێرگەلە و خواردنەوە مەستییەکان بۆ خوار تەمەن (18) ساڵ قەدەغەیە و هەر شوێنێکیش سەرپێچی بکات دادەخرێت .
وتیشی لەکاتی سەردانی لیژنەکان بۆ گازینۆ، کافتریاکانی نێرگەلە و دوکان و شوێنەکانی خواردنەوە مەستییەکان، هەبونی منداڵ و نەوجەوان لەلایەن لیژنەکانەوە روبەڕوی داخستن و رێکاری یاساییەکان دەکرێتەوە .
رونیکردەوە لەهەمو دنیادا هاتوچۆکرن بۆ یاری بلیاردو یارییەکانی دیکە لەگازینۆکان، پێشکەش کردنی نێرگەلە لە کافتریاکان و فرۆشتنی خواردنەوە مەستییەکان قەدەغەیە و هەموو شوێنەکانیش پابەندن پێوەی، بەڵام بەشێک لە خاوەن شوێنەکانی ئێرە لەبەر چاوچنۆکی خۆیان سەرپێچی دەکەن .
ئاماژەی بۆ ئەوەکرد ئاگاداری سەرجەم ئەو شوێنانە دەکەینەوە پابەندی رێنمایی و یاساکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆ و پێشکەشکردنی نێرگەلە و خواردنەوە مەستییەکان بن، بەپێچەوانەوە روبەڕوی داخستن و خاوەنەکەشی روبەڕوی دادگا دەکرێتەوە .