ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گفتوگۆ لەسەر تۆمەتبارکردنی ترەمپ دەکات

  2021-01-13  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، بە تۆمەتی هاندان بۆ هێرشکردنە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس، دەستیکرد بە گفتوگۆ کردن سەبارەت بە ئاراستەکردنی تۆمەت لە دژی دۆناڵد ترەمپ، کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بەرەو تەواو بوون دەچێت.

چاوەڕوانیش دەکرێت، یەکەمجار ئەنجومەنەکە دەنگبدات لەسەر دیاریکردنی بنەماکانی تایبەت بە گفتوگۆ، ئەگەر رەزامەی لەسەر وەرگیرا، ئەو کاتە ڕێگە خۆشدەبێت بۆ دەنگدان لەسەر لێپرسینەوە بە ترەمپ، بە تۆمەتی هاندان و یاخیبوون لە وتارەکەی هەفتەی ڕابردوودا.

چاوەڕوانیش دەکرێت پرۆسەکە هیچ ڕێگرییەکی ئەوتۆی نەیتە ڕێگە، چونکە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران زۆرینەی ئەندامەکانی پێک دەهێنن.

لە کاتێکیشدا ئەگەر ئەو هەنگاوە سەربگرێت، ئەوا بەشێوەیەکی فەرمی دۆناڵد ترەمپ روبەڕوی دوورخستنەوە دەبیتەوە لە پۆستەکە، کە دەبێت یەکەم سەرۆک دووجار لەلایەن کۆنگرێسەوە تۆمەتبار بکرێت.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، رەزامەندی نیشاندا لەسەر داواکردن لە مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بە کاراکردنی هەمواری ٢٥ ی دەستور ، کە ڕێگە دەدات بە دوورخستنەوەی ترەمپ یان دەستپێلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی.

دوای ئەو وادەیەش کە بە ٢٤ کاتژمێر دیاریکرابوو، پێنس ڕەتیکردەوە پەنا ببات بۆ هەمواری ٢٥ی دەستور، بە بیانووی ئەوەی کە تەنها ٨ ڕۆژی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ ماوە.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای رەتکردنەوەی داواکە ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕوایەدا نییە کە ئەو ڕێوشونە لە بەرژەوەندی نەتەوە و دەستوری ئەمریکاش بێت.



ڕیکلام