ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

  2021-01-15  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیدارەی ئەمریکا جارێکی تر سزای نوێی سەپاند بەسەر ئێراندا، کە پەیوەندییان هەیە بە کەرتی چەک و جبەخانەی ئەو وڵاتەوە.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئەمڕۆ زنجیرەیەک سزای نوێی سەپاندووە بەسەر چەند قەوارەیەکی ئێرانیدا کە پەیوەندییان هەیە بە چەندی ئاسایییەوە.

لەوبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی "بڵابووکردنەوەی چەکی ئاسایی (تەقلیدی) لەلایەن ئێرانەوە، مایەی هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەرێمایەتی نێودەوڵەتی، بەو هۆیەشەوە چەند سزایەکی سەپێنراوە بەسەر ڕێکخراوەکانی سەر بە پیشەسازی دەریایی و ئاسمانی و بۆشایی ئاسمانی ئێران".

وەزیری دەرەوەی ئەمریک لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەبارەت بەو گەمارۆ نوێیانە جەختیکردەوە، چەکی ئێران پشتیوانی دەکات لە ململانێکانی سوریا و لوبنان و عێراق و یەمەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەکە نائاساییەکانی ئێران هۆکارن بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پەیڕەوی تیرۆر بکەن لە جیهاندا، بە تایبەت تاران لەڕێگەی هێرشی بەلەم و موشەکی ئاراستەکراو تیرۆر لە جیهاندا بڵاودەکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سەرجەم وڵاتان کرد، هیچ جۆرە چەکێک نەدەن بە ئێران، پابەندبوونی وڵاتەکەشی دووپاتکردەوە لە بەردەوامی فشارەکان لەسەر دەسەڵاتی ئیران بۆ ئەوەی هەڵسوکەوتی خۆی بەشێوەیەکی ڕیشەیی بگۆڕێت.

پۆمپیۆ جەختیکردەوە، گەمارۆ و سزاکانی وڵاتەکەی لە دژی ئێران، بە ئامانجی ڕێگریکردنە لە رابەری باڵای ئیران لە کۆنترۆڵکردنی نیوەی ئابوری ئێران و لەوبارەیەوە وتی "خامنەئی قەوارەکان بەکاردەهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئابوری ئێران و بە بیانووی هاوکاریکردنی گەلەکەی".

 

ئەم سزا نوێیانە بە نوێترین گەمارۆ ئەمریکا دادەنرێت، لەچوارچێوەی ئەو سزایانەی کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەپاندوویەتی بەسەر ئابوری ئێران و دامەزراوە سەربازی و کەسایەتییەکانی ئەو ولاتەدا، بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بە گفتوگۆی نوێ بۆ کەمکردنەوەی چالاکییەکانی پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای سەپاند بەسەر ٣ کەسایەتی و ١٦ قەوارەی جیاجیای ئێران، کە ژمارەیەکیان بە وتەی واشنتۆن کۆمپانیای نزیک لە عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئیرانن.

ڕۆژی ٥ ئەم مانگەش وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای سەپاند بەسەر ١٦ قەوارە و کەسایەتی ئێراندا، کە یەکێک لەو قەوارانە پەیوەندییان هەبووە بە پیشەسازییەکانی پۆڵا و کانزاکانی ئێرانەوە، چونکە پێی وایە کەرتی کانزانکانی ئێران بە سەرچاوەیەکی داهاتی گرنگ دادەنرێت بۆ دەسەڵاتی ئێران.

 



ڕیکلام