"هێرشبەرانی سەر کۆنگرێس بەنیازی کوشتن و بەبارمتەگرتن بوون"

  2021-01-16  | 
واشنتن
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پاش 10 ڕۆژ لە هێرشی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بۆسەر کۆنگرێس، میدیای ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە کە هێرشبەران بەنیازی کوشتن و بە بارمتەگرتنی چەند کەسێک بوون، لەوانەش مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی کۆنگرێس.

رۆژنامەی واشنتن پۆست و چەند میدیایەکی ئەمریکا، لەزاری ژمارەیەک داواکاری گشتیی وەزارەتی دادی ئەو وڵاتە بڵاویانکردووەتەوە کە سکاڵایان لە دژی جاکوب ئەنتۆنی چانسلی، سەرۆکی هێرشبەران و چەند کەسێکی دیکە تۆمارکردووە بەتۆمەتی ئەوەی بەنیازبوون، ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس بەبارمتە بگرن و بیانکوژن.

جاکوب ئەنتۆنی چانسلی کە ناوبانگی (خاوەن دووقۆچەکە)ی لێنراوە و خۆی وەک یەکێک لە پشتیوانانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ناسناندووە، لە رۆژی هێرشکردنەسەر کۆشکی کاپیتۆڵ، سەرکردایەتی هێرشبەرانی دەکرد.

داواکارانی گشتی ئەمریکا رایانگەیاندووە، چەند بەڵگەیەکی ئاشکرایان لە وتە و هەڵسەوکەوتی چانسلی لەناو بینای کۆنگرێس لەبەردەستدایە کە بەرنامە و پیلانی هێرشبەران ئاشکرا دەکات.

بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، دوابەدوای چوونەدەرەوی مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی کۆنگرێس لە کۆشکی کاپیتۆڵ، جاکوب ئەنتۆنی چانسلی سەرکردەی گروپی راستڕەوی توندڕەو، چووەتە شوێنەکەی مایک پێنس و نوسراوێکی جێهێشتووە، کە تیایدا نوسیویەتی، "لە دواجاردا کاتی جێبەجێکردنی دادپەروەری دەگات".

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، کۆنگرێسی ئەمریکا بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆبووەوە و چەند کاتژمێرێک پاش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی چوونەناو بینای کۆنگرێس و بەهۆیەشەوە ئاڵۆزی لە نێوان هێرشبەران و پاسەوانانی کۆشکی کاپیتۆڵ دروستبوو و لە ئەنجامدا چوار خۆپیشاندەر کوژران و ژمارەیەکی زۆریش دەستگیرکران.

دوابەدوای ئەو رووداوە و بەنزیکبوونەوە لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراو، ئەمریکا ڕێوشوێنی ئەمنیی توندوتوڵی لە واشنتنی پایتەخت گرتووەتەبەر و ٢٥ هەزار ئەندامی هێزەکانی گاردی نیشتیمانی لەو  شارە جێگیرکراون.



ڕیکلام