کازمی: تورکیا و عێراق ڕێککەوتن لەسەر چارەسەرکردنی هەڕەشە تیرۆریستییەکان لە سنورەکانی هەردوو وڵات

  2021-01-18  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە خەلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیای راگەیاند، عێراق هەموو هەڕەشە و چالاکییەکی تیرۆریستی ڕەتدەکاتەوە کە تورکیای بکات ئامانج لە خاکی عێراقەوە.

نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووە، ئەمڕۆ کازمی پێشوازیکردووە لە خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا و شاندێکی سەربازیی هاوڕێی.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی ئەوبابەتانەی کە جێگەی بەیەخی هەردوولان، هەروەها بەهێزکردنی هاریکاری سەربازی لە نێوان عێراق و تورکیا، لە چوارچێوەی هاریکاری گشتی و چەسپاندنی بنەمای ڕێزگرتی سەروەریی عێراق بەسەر هەموو خاکەیدا.

بە گوێرەی بەیاننامەکە  کازمی جەختیکردووەتەوە ە پیویستی کاراکردنی ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی کە پێشتر بڕیاریان لێدراوە لە نێوان هەردوولا، بە تایبەت دوای سەردانەی ئەم دواییەی بۆ ئەنکەرە، جەختیشکراوەتەوە لە گرنگی پابەندبوونی تورکیا بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانییەوە کە لە بواری وەبەرهێنان داویەتی لە کۆنگرەی کوەیت، کە لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ پشتیوانیکردن لە عێراق سازکرابوو.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا کازمی جەختیکردووەتەوە لە وەی عێراق ڕەتیدەکاتەوە هیچ چالاکییەکی تیرۆریستی و هەڕەشەیەک لەناو خاکی عێراقەوە بکرێتە سەر تورکیای هاوسێ، لەوڕوەوە ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق توانای چارەسەرکردنی ئەو جۆرە هەڕەشانەی هەیە، ئەوەش بە چەسپاندنی بوونی هێزەکانی دەبێت لە هەموو خاڵێکی خاکی وڵاتەکەیدا.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، کازمی جەختیکردووەتەوە لە بایەخی هاریکاری سەربازی لە نێوان هەردوو وڵاتدا، سوپای عێراق کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاهەنگی گێرا بەبۆنەی ١٠٠ ساڵەی یادی دامەزراندنییەوە، بەردەوام دەبێت لەسەر بەهیزکردنی تواناکانی خۆی بە هیمەتی ڕۆڵەکانی و بە هاوکاری دۆستەکانی وەک تورکیا لە هاوپەیمانی ناتۆ.

لە بەرامبەرشدا وەزیری بەرگری تورکیا ئامادەیی سوپای تورکیای دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکاری و ڕاوێژێک لە بوارەکانی ڕوبەڕووبونەوەی تیرۆر و راهێنان و مانۆڕی سەربازیی هاوبەش.

لە کۆتایی بەیاننامەکەی نوسینگەی کازمیدا هاتووە، هەردوولا ڕێکەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر لە سنورە هاوبەشەکان، چونکە ئارامی دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم هاریکاری و هەماهەنگی زیاتری نیوان هەردوو وڵات، بەشێوەیەک کە پشتیوانی بکات لە پێشکەوتن و گەشەکردنی هەردوو گەلی دۆست.

 

ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری و یەشار گولر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا گەیشتنە بەغدا.



ڕیکلام