ئێران؛ لە سێ مانگی داهاتوو 14 ملیۆن ڤاكسینی كۆرۆنا بەرهەم دەهێنێت

  2021-01-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی بنكەی بەڕێوەبەری فەرمانی ئیمام خومەینی ئاشكرایكرد تا مانگی داهاتوو 2 تا 3 ملیۆن دۆز ڤاكسینی كۆرۆنا بەرهەم دەهێنن و لە ماوەی سێ مانگدا 14 ملیۆن دۆز بەرهەم دەهێنن.

محەمەد موخبر سەرۆكی بنكەكە رایگەیاند: هەنگاوەكانی دروستكردنی ڤاكسینی ئێرانی دژی كۆرۆنا بە پێی ڕێكارنامەی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەكە بەڕێوە دەچێت بە وتەی ئەو لە دوو قۆناغی سەرەتایدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە. 

موخبر روونیكردەوە لە قۆناغی سێهەمی ڤاكسینەكە لە سەر 56 خۆبەخش تاقی دەكرێتەوە. لە قۆناغی پێشوو كە قۆناغی دووەم بووە لەسەر 14 كەس تاقیكراوەتەوە كە دۆخی تەندروستییان جێگیرە و تا ئێستا هیچ لێكەوتەیەكی نەبووە. 

ئەو سەركەوتی ڤاكسینەكەی لەسەر 14 كەسەكە بە سەركەوتن زانی و دەشڵێت: تا مانگی داهاتوو 2 تا 3 ملیۆن دۆز ڤاكسینی كۆرۆنا بەرهەم دەهێنین كە لە ماوەی سێ مانگدا دەگاتە 14 ملیۆن دۆز.

سەرۆكی بنكەی بەڕێوەبەری فەرمانی ئیمام خومەینی بەڵێنی بە خەڵكدا كە زیاتر لە رادەی پێویستی ناوخۆیی ڤاكسین بەرهەم بهێنن وەك چۆن پێشتر لە بەرهەمهێنانی ماسك و زۆر دەرمانی دیكەدا ئەنجامیانداوە.  

پێشتر حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندبوو بە هاوكاری وڵاتێكی دۆستیان دەستیان بە بەرهەمهێنانی ڤاكسینێك كردووە بە ناوی ڤاكسینی باستور دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا. 


ڕیکلام