کازمی: گەلی عێراق شایستە هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی دادپەوەرانەیە

  2021-01-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گەلی عێراق شایستەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانەی پاک و بێگەردە بە چاودێرییەکی نێودەوڵەتی ڕاستەقینە و ئەو مافەش ئەمانەتە لە گەردنیاندا، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکەن، بۆ ئەوەی ڕۆڵی مێژوویی خۆی ببینێت لەم قۆناغە و بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەکاندا .

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی  کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا، کە تیایدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش ئامادە بوون ئاماژەی بەوەکرد، پێشتر ٦ی حوزەیرانیانی داهاتوویان وەک وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکردبوو، ئەو وادەیەش پابەندبوونێک بووە بە بەڵێنەکانیان کە دابوویان، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ل ماوەی ساڵێک لە دەستبەکار بوونیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەیەکەم ڕۆژی پێکهێنانی حکومەتەوە هەموو تواناکانی دەوڵەتیان خستووەتە خزمەت پشتیوانیکردن لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، کە پێکهاتووە لە کۆمسیۆنێک ژمارەیەک دادوەری بە توانا و لێوەشاوە لەخۆی دەگرێت، کە پێویستی بە هەموو شێوازەکانی کۆمەکە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا کازمی ئاماژەی بەوەکرد، بە درێژایی ماوەی ڕابردوو لەڕێگەی گفتوگۆکانیانەوە لەگەل سەرجەم هێزە سیاسییەکان و چالاکییە یاسایی و جەماوەرییەکان، کە حکومەت بە هیچ شێوەیەک هەڵبژاردن ناکات وەک چۆن لەسەر ڕێکدەکەون، بەڵکوە مەرجیان ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد و دادپەوەرانە بوونە، هەموو هەوڵێکیشان داوە بۆ دڵنیایی لە پاراستنی ئەمنییەتی هەڵبژاردنەکان.

جەختیشیکردەوە حکومەت لە توانایدایە دڵنیای بدات لە ئاسایشی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی داهاتوودا، ئەویش لەڕێگەی پ لانێکی سەربازیی  و ئەمنی تۆکمە کە ماوەی چەند مانگێکە کاری لەسەر دەکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنەکان.

کازمی ڕوونیکردەوە، سووربوون لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ کۆمسیۆن، ڕوبەڕووی هەموو ئەو بەربەستانەش بوونەتەوە کە ڕێگربووە لەبەردەمیدا، لەدانیشتنی پێشوودا دەنگیان داوە لە بەرژەوەندی تۆماری بایۆمەتری بۆ سەرجەم کارمەندان و فەرمانبەرانی دەوڵەت، ئەوان سوورن لەسەر تەواوکردنی تۆمارکردنەکە، کە ئەوەش باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی یاری نەکرێت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق   ئاماژەی بەوەەشکرد، زۆربەی هەرەزۆری هیزە سیاسییەکان جەختیانکردووەتەوە لە پشتیوانی کۆمسیۆن، بەڵام کۆمسیۆن لە پێشنیازەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردووەتەوە لەوەی بابەتەکە رەهەندی هونەریی گرنگی هەیە، سورە لەسەر  پاک وبێگەردی هەڵبژاردنەکان و ڕەخساندنی هەلی یەکسان لە بەردەم هەموان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا بە دادپەوەرانە.

دەربارەی پێشنیازەکەی کۆمسیۆن کە ئاماژەی کردووە لە درێژکردنەوەی ماوەی خۆ کاندیدکردن و پێدانی کاتی زیاتر بۆ تەواکردنی خشتەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بەباشترین شێوە، ئەوە مانای بێلایەنی نییە لە بنەمای هەڵبژاردنی پێشوەختەدا، بەڵام ئەوە  داخوازییەکی جەماوەرییە و مەرجەعیەتیش پشتیوانی لێکردووە و بەشێکیشە لە پرۆگرامی حکومەت.

لەکۆتایی وتەکانیدا مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەکرد، حکومەت لە دۆخیکی ئابوری و کۆمەڵایەت و سیاسی و ئەمنی زۆر قورسدا پێکهات، خۆیان بەدەستەوە نادەن و پشتیوانی لە ئەرکی نیشتیمانی دەکەن، هەموو هەوڵێکیشیان خستووەتە گەڕ بۆ هەڵوەشاندنی ئەو گرێ و قەیرانانە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی وەزیران عێراق ئەمڕۆ دەنگیدا لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ رۆژی 10 ئۆکتۆبەری ئەمساڵ .

لە چەند رۆژی ڕابردوودا کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوایکرد وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنەکە لە 6 ی حوزەیرانەوە دوابخرێت بۆ 16 ی ئۆکتۆبەر .

هەروەها بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە ماوەی چەند مانگێکە  وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکۆکی لەسەرە .

هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکەمجارە لە عێراق ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەش دەبێت پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و هەڵبژاردنەکە ئەنجامبدرێت.



ڕیکلام