کوردی  |  English            

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی لەسەر تەقینەوەکانی باشوری بەغدا بڵاوکردەوە

  2021-01-19  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باڵیۆزیخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕاگەیەندراوێکی لەسەر تەقینەوەکانی ناوچەی (جروف ئەلسەخر)ی سەر بە پارێزگای بابلی باشوری بەغدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هیچ هێزێکی ئەمریکا لەو ناوچەیە بوونی نییە.

نوسینکەی ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە توڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووە "دەتوانین جەختبکەنەوە لە هیچ یەکە و هێزێکی ئەمریکا لە ناوچەی جروف لەسەخر بوونی نییە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هیچ دەستێکی نییە لەو ڕوداوەدا".

ئەو ڕاگەیەندراوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عیراق ڕەتیکردووە، هیچ کەرتێکی سەربازیی و ئەمنی عێراق لە باکوری پارێزگای بابل هێرشی کرابێتە سەر، بە تایبەت دوای ئەوەی سێ تەقینەوەی بەهیز ناوچەکانی دەوروبەری ناحیەی جروف ئەلسەخری هەژاند.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی عێراق لە زاری شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، ڕووداوەکە تەقاندنەویە چەند بورجێکی گواستنەویە کارەبا بووە لەناوچەی (بەهبەهانی) باکوری پارێزگای بابل، کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ میدیاکان بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند پێگەیەکی هێزەکانی سەر بە گروپی حزبوڵای عێراق روبەڕوی هیرشی ئاسمانی بوونەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکداریان کوژراو و بریندار بوون.

هاوکات هەواڵی ئەوەش بڵاوکرایەوە کە یەکێک لە تەقینەوەکان لە بارەگایەکی سوپای عێراق بووە لە ناوچەکە و بەهۆیوە ٩ سەرباز کوژراون و ١٠ سەربازی دیکەش بریندار بوون.