کوردی  |  English            

کازمی: رێگا بە دووبارەبوونەوەی تەقینەوەکان نادەین

  2021-01-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند ئەوەی رویدا پێشێلکاری ئەمنییە و رێگە بەدووبارەبوونەوەی نادەن.

لەمیانەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتیمانی کازمی ڕاشیگەیاندوە دەزگای ئەمنییەکان لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەوڵێکی گەورەیان داوەو لە دژی چەکدارەکانی داعش و ئۆپەراسیۆنێکی گەورە ئەنجام دراون و زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانیشمان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و ڕۆژانە شانەی داعش هەیە بۆ گەیشتن بە بەغدا کە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوەختە پوچەڵ کراونەتەوە،بەڵام بەداخەوە دوێنی توانیویان ئەو کارە بکەن و خوێنی هاوڵاتیانی بێ تاوان بڕێژن.

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردوە  لە دەزگای هەواڵگریدا کێشە هەیە کە پێویستە بەپەلە چارەسەر بکرێت، من بە شەخسی چاودێری ئەم بابەتە دەکەم.

مستەفا کازمی وتیشی عێراق یەک وڵاتە و دەبێت هەموو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی بە یەک ڕۆح کاربکەن ، هیچ شوێنێک نییە بۆ موجامەلەکردن لەسەر حسابی عێراق و عێراقییەکان .

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئاشکراشیکردوە ئێمە زنجیرەیەک گۆڕانکاریمان لە پێکهاتەی ئەمنی و سەربازیدا کردووە و کار لەسەر پلانێکی ئەمنی گشتگیر و کاریگەر دەکەین.

مستەفا کازمی ڕاشیگەیاندوە پێویستە بەرپرسە ئەمنییەکان گرنگی بە بە پێشکەوتن و ڕاهێنان و هەڵسەنگاندن و بوژانەوەی ستافی ئەمنی بدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدیاتەکان .