ڤیدیۆ.. خانمی یەکەمی ئەمریکا شوکلاتە بەسەر هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانیدا دابەشدەکات

  2021-01-23  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جیل بایدن خانمی یەکەمی ئەمریکا، لەبەردەم باڵەخانەی کۆنگرێس هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی تووشی سەرسوڕمانکرد، کاتێک بە کتوپڕی هاتە ناویانەوە و دەستیکرد بە دابەشکردنی شوکلاتە و پسکیت بەسەریاندا.

لەبەردەمی باڵەخانەی کۆنگرێس و لەبەردەم ژمارەیەک لە هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی خانمی یەکەمی ئەمریکا ڕایگەیاند "تەنها دەمەوێت سوپاسی سەرۆک بایدن و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی بە ئێوە بگەیەنم، بەو بۆنەیەشەوە کۆشکی سپی هەندیک شوکلاتە و پسکیتی بۆ ناردوون".

جیل بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، (بو بایدن)ی کوڕی ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی نیشتیمانی بووە و لە ماوەی نێوان ٢٠٨ بۆ ٢٠٠٩ ،ساڵێک خزمەتی سەربازی لە عێراق بەسەر بردووە، بەڵام بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی مێشک لە ساڵی ٢٠١٥  و لە تەمەنی ٤٦ ساڵێدا کۆچی دواییکردووە.

خانمی یەکەمی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سەبەتانە سوپاسکردنێکی بچوکە بۆ ئەندامانی پاسەوانی نشتیمانی، دوای ئەوەی شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە و هاتوونەتە واشنتۆنی پایتەخت.

جۆ بایدن ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ٢٠ کانوونی دووەمی ٢٠٢١ سوێندی یاسایی خوارد و بووە ٤٦ هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

دوو هەفتە لەمەوبەر لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، هەڵیانکوتایە سەر بارەگای کۆنگرێسی ئەمریکا، وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە کۆنگۆێس کە دان نەنێت بە پەسەندکردنی بایدن وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا.



ڕیکلام