بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی هەواڵگری ئەمریکا لەسەر کوشتنی جەمال خاشقچی دواخرا

  2021-02-25  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سێ لێپرسراوی ئەمریکا بە تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئین) ی ئەمریکایان ڕاگەیاند، ڕاپۆرتی هەواڵی ئەمریکا لەسەر کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی بڵاوناکرێتەوە، تا دوای پەیوەندی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و پادشای سعودیە.

یەکێک لەو سەرچاوە ئەمریکیانە ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕواندەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان بایدن و پادشای سعودیەدا ئەنجام بدرێت.

دەربارەی ڕاپۆرتەکە بایدن دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، راپۆرتەکەی هەواڵگری خوێندووەتەوە، بەڵام لەگەڵ پادشای سعودیەدا قسەی لەسەر نەکردووە.

بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە قسەی لەگەڵ دەکات، پێشتریس جین بساکی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، بەم نزیکانە گفتوگۆ تەلەفۆنیەکەی نێوان بایدن و پادشای سعودیە ئەنجام دەدرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر بڕیار بوو ئەمڕۆ ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لەسەر کوشتنی خاشقچی بڵاوبکرێتەوە.

چاوەروانیش دەکرێت ڕاپۆرتەکەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، زانیاری وردی تیا ئاشکرا بکرێت، سەبارەت بە ڕۆڵی محەمە سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە لە کوشتنی خاشقچی.

پێشتریش لیپرسراوێکی کۆشکی سپی ئاشکرایکردبوو، ئیدارەی بایدن نایەوێت ڕاپۆرتەک بڵاوبکرێتەوە، بەر لەوەی هۆشداریەک نەدرێتە دەسەڵاتدارانی سعودیە.

جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودیە لە ڕۆژی ٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٨، لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا کوژراو تا ئیستاش نازانرێت لاشەکەی چی لێبەسەرهاتووە.



ڕیکلام