بایدن بۆ ئێران: کردەوەکانتان بێ وەڵام نامێننەوە

  2021-02-27  | 
واشنتن
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداری توند دەداتە ئێران و دەڵێت، باش بزانن کە کردەوەکانتان بێ وەڵام نامێننەوە.

لەمیانی سەردانەکەی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ویلایەتی تەکساس، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی رۆژنامەنوسێکدا کە لێی پرسی، "بە هێرشەکەتان بۆسەر پێگەی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا، ویستان چ پەیامێک بدەن، بە تاران؟"، بایدن وتی، "باش بزانن کە کردەوەکانتان بێ وەڵام و سزا نامێننەوە، ئاگاداربن".

بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە هێرشە موشەکییەکانی چەند هەفتەی رابردوو بۆسەر باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەولێر و عێراق، درەنگانی شەوی هەینی رابردوو، بە فەرمانی جۆ بایدن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردەسەر گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا و لە ئاکامدا نزیکەی ٢٠ چەکدار کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

دواتر وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان چەند هێرشێکیان بۆسەر بارەگاکانی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا، لەوانەش گروپەکانی "کتائب حزب الڵە" و "کتائب سیدالشهدا" ئەنجامداوە .

ئاماژەی بەوەشکردبوو، هێرشەکە لە تۆڵەی ئەو زنجیرە هێرشە موشەکیانەدا ئەنجامدراوە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا کرانەسەر باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق .

لەوبارەیەشەوە، چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمزیان راگەیاندبوو، لە هێرشەکەدا حەوت بۆمبی ٢٢٦ کیلۆگرامی، هەرکامیان بە بەهای ٥٠٠ پاوەند بەکارهاتووە و هێرشەکە بە فەرمانی راستەوخۆی جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە.



ڕیکلام