بلینکن: سیاسەتی نوێ دەگرینەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی هێرش دەکەنەسەر رۆژنامەنووسان

  2021-02-27  | 
واشنتن
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی سیاسەتی نوێ دەگرێتەبەر بەرامبەر ئەو کەسانەی هێرش دەکەنەسەر چالاکان و رۆژنامەنووسان.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، "کوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووس و ئەو کەسەی کە خاوەنی رەگەزنامەی هەمیشەیی ئەمریکا بوو، جیهانی تووشی شۆک کرد".

دەشڵێت، "لەمڕۆوە سیاسەتی نوێ بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرینەبەر کە هێرش دەکەنەسەر رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لەدەرەوەی وڵات و پێدانی ڤیزا پێیان سنوردار دەکەینەوە".

ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، رۆژی رابردوو ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا ڕاپۆرتێکی نهێنی دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی ئاشکرا کرد، سەبارەت بە کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودیە لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ .

بەهێزترین زانیاری ناو ڕاپۆرتەکە ئەوە بوو کە بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا وتوویەتی، "ئێمە وایدەبینین کە محەمەد سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە، ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئۆپراسیۆنەکەی ئیستەنبوڵ لە تورکیا، بۆ دەستگیرکردن یان کوشتنی جەمال خاشقچی ".

میدیاكانی ئەمریكا رایانگەیاند، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ سەپاندنی سزای سنورداركردنی ڤیزا بەسەر زیاتر لە 70 كەسی سعودیدا، وەك بەشێك لە سیاسەتی نوێی ئەمریكا بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان و ناڕازییەكان لەدەرەوەی وڵاتەكانیان .

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە میدیاكانی ئەمریكاوە بڵاودەكرێتەوە، بڕیارە وەزارەتی خەزێنە سزا بەسەر ئەندامانی دەستەی پاسەوانی شاهانەی سعودیەدا بسەپێنێت كە لە مردنی خاشقچیدا بەشداربووە.

هەروەک پاش سەپاندنی سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی بادینان لەلایەن دادگای ٢ی کەتنی هەولێر لە ١٦ی ئەم مانگەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، بەفەرمی ناڕەزایەتی دەربڕی و لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەوردی چاودێری دەستگیرکردن و پاشان دادگایکردنەکانی ئەم دواییەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانمان کردووە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەربارەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و لەو نێوەندەشدا ئازادی بۆ ڕاگەیاندکاران، بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و بەردەوامیش دەبێت لەسەری.

چەند رۆژ پێش ئێستاش، ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆبووەوە، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی ژیان، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی باڵیۆزی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، دەربڕینی ناڕەزایەتیی بووە سەبارەت بە لێشاوی دەستگیرکردنی چالاکان و رۆژنامەنوسان لە هەرێم و داوای لێکردوون بە سیاسەتەکانیاندا بچنەوە.


ڕیکلام