لە ئاهەنگێكدا سێ كەس سوتان و زیاتر لە 30 كەسیش برینداربوون

  2021-02-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسی ئاوارەو پەنابەران لە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا رایگەیاند، لە كەمپی هۆلی تایبەت بە كەسوكاری چەكدارانی داعش پاش ئاگركەوتنەوە، دوو منداڵی سوری و ژنێك گیانیان لەدەستداوە زیاتر لە 30 كەسیش برینداربوون.

شێخموس ئەحمەد بە ئاژانسی فرانس 24ی راگەیاند: ئاگرەكە پاش گڕگرتنی سۆبەیەك بووە لە كاتێكدا كە خەڵكی ناو كەمپەكە ئاهەنگی هاوسەرگیرییان دەگێڕا. 

ناوبراو وتیشی: نزیكەی 30 كەسی دیكە كە سووتان بوون، لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆكراوە دوو كەسیش لە بریندارەكان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە. 

بە گوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، كەمپی هۆل كە لەلایەن ئەنجومەنی سوریای دیموكراتیەوە بەڕێوەدەبرێت، نزیكەی 62 هەزار كەس لەخۆی دەگرێت و 90%ی دانیشتوانەكەشی ژن و منداڵن. 

دانیشتوانی كەمپەكە كەسوكاری چەكدارانی داعشن كە خەڵكی عێراق و سوریان و بەشێك لە كەسوكاری چەكدارە بیانیەكانی ئەو رێكخراوەش لەوێدا هەیە. 

پێشتریش ڕێكخراوە ناحكومیەكان زەنگی ئاگاداركردنەوەیان لێدا لەسەر بارودۆخی خراپ لەكەمپەكە بەهۆی نەبوونی چاودێری پزیشكی، ئامارەكان باس لەوەش دەكەن زیاتر لە 31 هەزار كەسی نیشتەجێی كەمپەكە تەمەنیان لەخوار 12 ساڵەوەیە. 


ڕیکلام