شێروان شێروانی بۆ لێكۆڵینەوە برایە دادگا

  2021-02-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ شێروان شێروان رۆژنامەنوسی دەستگیركراو، بەهۆیەكی نادیار براوەتە بنكەی پۆلیسی خانەقا لە شاری هەولێر و وتەی لێوەرگیراوە و پارێزەرەكەشی دەڵێت من ئاگادار نەكراوم.

هەرێم رەفعەت، یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: بەیانی ئەمڕۆ شێروان شێروانی، رۆژنامەنوسی دەستگیركراو، براوەتە بنكەی پۆلیسی خانەقا بۆ لێكۆڵینەوە بە تۆمەتی ناوزڕاندنی ئاسایش.

لەو بارەیەوە محەمەد عەبدوڵا، پارێزەری شێروان شێروانی، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: من پارێزەری شێروانم لەرووی یاساییەوە دەبێت هەر لێكۆڵینەوەیەكی لەگەڵدا بكرێت من ئاگاداربم، بەڵام تا ئێستا ئاگادار نیم ئەمڕۆ لێكۆڵینەوە لە شێروان كرابێت. 

ئەو وتیشی، لە ئێستادا لە هەوڵدام بزانم ئەو هەواڵە تاچەندە راستە ئەگەر شتیكی وا كرابێت نایاساییە، بە گوێرەی زانیاریەكانی (ژیان) شێروان شێروانی دوای ئەوەی باراوەتە بنكەی پۆلیسی خانەقا بە پەڕۆی رەش چاوی بەستراوە و براوەتە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر. 

شێروان شێروانی رۆژنامەنووس لە 7ی تشرینی یەكەمی 2020 و دەستگیركرا و دواتر لە 22ی هەمان مانگ هەریەكە لە هاریوان عیسا و ئەیاز كەرەم و شڤان سەعید و گوهدار زێباری دەستگیركران. 

ئەو پێنج چالاکوان و رۆژنامەنووسە، لە رۆژی 16ی شوباتی 2021 دوای دوو رۆژی لەسەریەكی دانیشتنی دادگای تاوانەكانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا و رۆژی پێنج شەممەی رابردوو25ی شوبات پارێزەری دەستگیركراوەكان داوای پێداچونەوەی دادگاییەكەیان كرد و لە ماوەی مانگێكدا دەبێت دادگای پێداچوونەوە دەستبكات بە پێداچونەوەی دۆسیەكە.


ڕیکلام