سۆرانی  |  بادینی  |  English      

نەوتی برێنت بەرزترین ئاستی لە 14 مانگی رابردوو تۆماركرد

  2021-03-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت بەرزترین ئاستی لە 14 مانگی رابردوو تۆماركرد و بەیانی ئەمڕۆ نزیك بووەتەوە لە 70 دۆلار، نرخی نەوتی ئەمریكیش 66 دۆلاری تێپەڕاند.

بەیانی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 69 دۆلار و 54 سەنت و ئەوەش بەرزترین نرخە كە لە 14 مانگی رابردوودا بەخۆیەوە بینیبیت، هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی ئەمریكیش گەیشتووەتە 66 دۆلار و 26 سەنت. 

بەهۆی نالەباری كەشوهەوای ئەمریكا ماوەیەكە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكی كەمیكردووە، ئەوەش بووەتە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەمە نەوتییەكان لەو وڵاتە.

هاوكات سووربوونی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس لەسەر زیاد نەكردنی هەناردەی نەوت لە وڵاتەكانیان هۆكارێكە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەكان لە ئاستی جیهاندا. 

لەدوای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە جیهاندا كە بەشێكی زۆر لە وڵاتان رێكاری توندیان گرتەبەر و زۆرینەی كارگەكانی جیهان داخران نرخی نەوت گەورەترین داشكانی بەخۆیەوە بینی بەشێوەیەك لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی 2020دا بەهای بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە 19 دۆلار و نەوتی ئەمریكیش بووە سفر دۆلار. 

دوای ئاسانكاریەكانی وڵاتان و بڕیاری وڵاتانی ئۆپیك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی ئاستی هەناردەكردنی نەوت نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كرد و ئەمڕۆش دوای 14 مانگ نرخی نەوتی برێنت بەرزترین ئاستی تۆماركرد.