بڕیاردرا بەڕاگرتنی چەند بەرنامەیەکی کەناڵەکانی کۆڕەک و نێت تیڤی و کوردماکس

  2021-04-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە راگرتنی چەند بەرنامەیەکی کەناڵەکانی کۆڕەک و نێت تیڤی و کوردماکس.

لە سێ نوسراوی جیاوازدا کە ئاڕاستەی هەریەکە لە کەناڵە ئاسمانییەکانی کۆڕەک و نێت تیڤی و کوردماکس کراون، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، پاش ناڕەزایەتی و سکاڵای هاوڵاتیان بڕیاریانداوە بە ڕاگرتنی بەرنامەکانی "شۆ مەگەزین" و "نێت گرام" و "نایت شۆ" کە رۆژانە لەو کەناڵانەوە بڵاودەکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشکەشکردنی ئەو بەرنامانە، پێچەوانەی نەریت و ئادابی گشتییە و زیان بە کۆمەڵگا و شیرازەی خێزان دەگەیەنێت.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم داواشی لەو سێ کەناڵە کردووە دەستبەجێ و تاوەکو یەک هەفتەی دیکە، ئەو بەرنامانە ڕابگرن و پێداچوونەوە بە ناوەرۆک و ستایلی بەرنامەکاندا بکەن، بەپێچەوانەوە رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

دەقی نوسراوەکانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خوارەوە:



ڕیکلام