سۆرانی  |  بادینی  |  English      

مەسرور بارزانی: چاوەڕێی پارەکەی بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی بزانین موچە بە لێبڕین یا بەبێ لێبڕین دابەشبکەین

  2021-04-07  | 
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕێی پارەکەی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی بزانن لە داهاتوودا مووچە بە لێبڕین یاخود بەبێ لێبڕین دابەشبکەن.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پەسەندکردنی بودجەی فیدڕاڵی بە سیاسی کرا و ماوەیەکی زۆری ویست تاوەکو شاندی دانوستانکاری هەرێم بگەنە رێککەوتن، سەرەڕای ئەوەش، پێمانوایە یاسای بودجە هاوسەنگە و هەموو لایەنەکان تیایدا براوەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، "په‌سندكردنی بودجه‌ی 2021 هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ پابه‌ندبونی خۆمان به‌ حكومه‌تی فیدڕاڵی راده‌گه‌یه‌نین و چاوه‌ڕێش ده‌كه‌ین حكومه‌تی فیدڕاڵی پابه‌ندی خۆیان به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان رابگه‌یه‌نن".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە لە مانگەکانی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە چ شێوەیەک دابەش دەکرێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "چاوەڕێی پارەکەی بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی بزانین موچە بە لێبڕین یاخود بەبێ لێبڕین دابەشبکەین".

وتیشی، "داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، ئه‌و سێ مانگه‌ی كه‌ رۆیشتووه‌ مه‌قاسه‌ بكرێت، بزانرێت كێ چه‌ندی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر، ئێمه‌ له‌ پێش چاوی رای گشتی عێراقی و كوردستانی و جیهانی ده‌ڵێین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات، ده‌مانه‌وێت خه‌ڵك خۆی حه‌كه‌م بێت بزانێت حكومه‌تی هه‌رێم جێبه‌جێی كردووه‌، هیوادارین حكومه‌تی عێراقیش به‌و جۆره‌ كار بكات كه‌ به‌ هه‌مان ئاراسته‌ و نه‌فه‌س بێت".

مەسرور بارزانی راشیگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرۆشی ئەوەیە مووچە وەکو خۆی بدرێت و بەپێی ئەو داهاتانەی هەیە کە سێ جۆرە (داهاتی فیدڕاڵی، داهاتی نەوت و نانەوتی)، بەڵام لەبەرانبەردا ئەرک لەسەر حکومەتی هەرێمە بە پێدانی داهاتی نەوتی و نیوەی داهاتی ناوخۆ.