ئەنجومەنی وەزیران: بەمنزیکانە پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم ئامادە دەبێت

  2021-04-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی یاسای بودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان دەکات، دەشڵێت، لەداهاتویەکی نزیکدا پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢١ ئامادە بکرێت.

لەراگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. 

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ کرد دەستخۆشی لە تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە ئەرکەکانیان بە باشی ئەنجامدا، ئاماژەشی بەوەدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، مافێکی دەستوری و ڕەوای هەرێمی کوردستانە، جەختیشی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندە بە بڕگەکانی یاسای بودجە و داواشی لە حکومەتی فیدراڵی کرد کە پابەندبونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات. 

وتیشى، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی چاکسازی و کارکردن بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بە ئاراستەی دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی شایستە و گەشەپێدانی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان. 

هاوکات، لە بڕگەیەکی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، کورتەیەکی لەبارەی گفتوگۆکانیان لە ‌بەغدا خستەڕو، وێڕای ستایشکردنی ئەندامانی شاندەکە، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هەردو حکومەتی فیدراڵ و هەرێم، پابەند بن بەو رێنمایاییانەی کە دواتر دەردەچن بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ٢٠٢١.

ئاماژەى بەوەشکرد، لەگفتوگۆکانمان لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت و لایەنە عێراقییەکان، جەختمان لەسەر پابەند بون بە دەستور کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی دوایین ئامادەکارییەکانی تایبەت بە گەڵاڵەکردنی ڕەشنوسی یەکەمی یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ خستەڕو، جەختی کردەوە کە ئامادەکارییەکان هەنگاوی باشیان بڕیوە و لەداهاتویەکی نزیکدا، ئەو پڕۆژە یاسایە ئامادە دەبێت.

لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی تەندروستی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆ‌سی کۆرۆنا کرا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە ‌هاوڵاتییان دەکات پابەندی رێنماییەکان بن لە پێناو کەمکردنەوەی ڕێژەی توشبون بەو ڤایرۆسە، بەتایبەتیش چونکە ئێستا ژمارەی توشبوان لە هەڵکشاندایە.


ڕیکلام